
وتەبێژی ڕێکخراوی مامۆستایانی قوتابخانە سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران باسی لەوە کردووە کە حیجابی زۆرەملێ و بابەتی عەقیدەتی لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە زیاتر لە تەندروستیی ڕەوانی مامۆستایان گرینگیی پێ دەدرێت.
ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕەزبەر، محەممەد داوەری، وتەبێژی ڕێکخراوی مامۆستایانی قوتابخانە سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە ئاماژەدان بە دۆخی بژێوی و ئەمنییەتیی مامۆستایان لە ئێران وتوویەتی : "لە وەرگرتنی کەسانێک کە بۆ پیشەی مامۆستایەتی ناونووسی دەکەن، حیجاب و بابەتی عەقیدەتی گرینگیی زیاتری پێ دەدرێت تاکوو تەندروستیی ڕەوانییان".
ئەو بەرپرسەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە کە بەشی ڕەوانی و کۆمەڵایەتی لە وەرگرتنی مامۆستایاندا گرینگی پێ نادرێت ئەوە لەکاتێکدایە کە بەشی عەقیدەتی و سیاسی لە ڕەوتی وەرگرتنی مامۆستایاندا زۆر سەختگیرانە هەڵسوکەوت دەکات.
داوەری لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە کە بەشی ڕەوانی و کۆمەڵایەتی تەنیا چەند پرسیاری ڕواڵەتی و سادە دەپرسن و ئیتر بۆیان گرنگ نییە کە ئەو کەسەی خۆی بۆ پیشەی مامۆستایەتی ناونووس دەکات کەسێکی ڕەوانی و تووشی توندوتیژیی نهێنی یان مەیلی بەلاڕێداچوویی جینسی بووبێت.
شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوی سێنفیی مامۆستایان لە ئامارێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە لە ساڵی ١٤٠٢دا لەلایەن پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، ٣ هەتا ٦ هەزار کەسی خوازیاری مامۆستایەتی بەهۆی کێشەی عەقیدەتی و سیاسییەوە ڕەت کراونەتەوە ئەوە لەکاتێکدایە کە کەسێکی ئەوتۆ بەهۆی کێشەی دەروونی و ڕەوانییەوە ڕەت نەکراونەتەوە.
بە وتەی کارناسانی بواری پەروەردە، شێوەی وەرگرتنی مامۆستایان و گرینگینەدان بە کێشەی ڕەوانی و دەروونییان لە داهاتوودا لەسەر هەڵسوکەوتی قوتابییان شوێندانەریی نەرێنی و قەرەبوونەکراوی دەبێت.