کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی ڕێژیم: لەبەرچاوگرتنی یاسای زۆرەملێی حیجاب پێویست نییە

19:49 - 13 رەزبەر 2725

محەممەدڕەزا باهونەر، ئەندامی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم ئیدیعای کرد کە لە سەرەتاوە باوەڕی بە حیجابی زۆرەملێ نەبووە و دەڵێت: "یاسای حیجابی زۆرەملێ  لەبەرچاوگرتنی پێویست نییە''.

ناوبراو کە پێشینەی کاری جێگری بەرپرسی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی هەیە، ڕۆژی شەممە ١٢ی ڕەزبەر لە دانیشتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە پەسەندکردنی یاسای بەناو "عیفاف و حیجاب" لەلایەن مەجلیسەوە دوای ڕاوێژ لەگەڵ شۆرای ئەمنییەتی میللی ڕاگیراوە.

باهونەر بە ئاماژەدان بەو خاڵەی کە حیجابی زۆرەملێ نییە، دەڵێت: "بەڵام تا چ ڕادەیەک ڕووتبوون ئازادە؟ چونکە دەبێت تا ڕادەیەکی دیاریکراو بێت. هەموو وڵاتان دابونەریتیان هەیە سەبارەت بە جلوبەرگ و بە دڵنیاییەوە دەبێت ڕەچاوی بکەین".

ئەم لێدوانانە لەکاتێکدایە کە بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا باس لەوە دەکەن کە لە بەشێک لە شارەکانی ئێران هێشتا ئەو ژنانەی کە حیجابی زۆرەملێ لەبەرچاو ناگرن هەڵسوکەوتی توندیان لەگەڵ دەکرێت و شوێنەکانی وەک کافە و چێشتخانەکان بەم هۆیەوە مۆر و داخراون.

محەممەدباقر قاڵیباف، بەرپرسی مەجلیسی ڕێژیم لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا بۆ یەکەمجار بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە بە هۆی "ئاگادارکردنەوەیەکی نووسراو"ی شۆرای باڵای ئەمنییەتی میللی یاسای بەناو "عیفاف و حیجاب"ی ڕانەگەیاندووە.

لە دوای بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە پاییزی ساڵی ١٤٠١، زۆرێک لە ژنان و کچان لە ئێران، حیجابی زۆرەملێیان کە لەلایەن ڕیژیمی کۆماری ئیسلامییەوە سەپێنراوە، ڕەچاو نەکردووە.