کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران وازی لە ڕێککەوتنی قاهیرە هێنا

10:25 - 14 رەزبەر 2725

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی قاهیرە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی چیتر بۆ تاران کارا نییە و بڕیارە نوێیەکەی ئێران سەبارەت بە بەردەوامی هاوکاری لەگەڵ پشکێنەران بەم نزیکانە ڕادەگەیەنرێت.

ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕەزبەر، عەباس عێراقچی لە دیدارێکدا لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی بیانی نیشتەجێی تاران، بە ڕاشکاوی وتی: ''ڕێککەوتنی قاهیرە کاریگەر نییە، مێکانیزمی ماشە هەموو مەرجەکانی گۆڕیوە و ئێمە لەبەردەم بارودۆخی نوێداین.''

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ئێران وێڕای پاراستنی مافەکانی، ئامادەیە بۆ هەر چارەسەرێک کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی هەردوولادا بگونجێت و متمانە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران بگەڕێنێتەوە.

ڕێککەوتنی قاهیرە کە لە ١٨ی خەرمانان بە نێوەندگیری میسر واژۆ کرا، قبوڵکردنی دەستڕاگەیشتنێکی تەواو بۆ پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەخۆگرتبوو، بەڵام دوای ئەوەی سێ وڵاتی ئورووپایی هەنگاویان بۆ کاراکردنی مێکانیزمی ماشە ئگرتەبەر، شواری باڵای ئەمنییەتی میللی ڕێژیم ڕایگەیاند کە ڕێگای هاوکاری لەگەڵ ئاژانس ڕادەگیرێت.

عێراقچی لە درێژەدا ئاماژەی بەوەدا کە لە دانوستانەکانی ئەم دواییەی نێوان تاران و واشنگتۆن جگە لە پرسی ئەتۆمی هیچ پرسێکی دیکە تاوتوێ نەکراوە.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە ئەگەری درێژەدان بە گفتوگۆکان کرد و وتی: جیاوازیی بنچینەیی نێوان بارودۆخی ئێستا و ڕابردوو ئەوەیە کە پرسێکی نوێ بۆ هاوکێشەکە زیاد کراوە؛ کارێک لە شواری ئەمنییەت ئەنجام درا و ئەم کارەش ​​لە داهاتوودا پڕۆسەی دانوستان قورستر و ئاڵۆزتر دەکات.