کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: لە ئەگەری هەر هەوڵێکی ڕێژیمی ئێران بۆ دەسپێکردنەوەی بەرنامەی ناوکییەکەی ڕووبەڕووی دەبینەوە

10:34 - 14 رەزبەر 2725

دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە ڕێوڕەسمی ٢٥٠هەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی هێزی دەریایی وڵاتەکەی، هۆشداریی دا کە ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەوڵی دەسپێکردنەوەی بەرنامەی ناوکیدا بێت، دیسان ئەمریکا ڕووبەڕووی دەوەستێتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی، ترامپ لەو لێدوانەیدا بۆ جارێکی دیکە ئاماژەی بە هێرشی هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی بۆ سەر بنکە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕەوتی شەڕی ١٢ ڕۆژە کرد و لەو بارەوە وتی: "لە ئۆپەراسیۆنی هێرش بۆ سەر بنکە ناوکییەکانی ئێران کەڵکمان لە ژێردەریایی کلاس ئۆهایۆ و مووشکی تاماهاک وەرگرت بەڵام ئەو هێرشانە دەبوایە زۆر زووتر ئەنجام بدرایەن".

سەرۆککۆماری ئەمریکا هەروەها باسی لەوە کرد کە پێش ئەو هێرشە کۆماری ئیسلامی دوای مانگێک دەیتوانی دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات و ئەگەر لە هەوڵی دووبارە دەسپێکردنەوەی بەرنامە ناوکییەکانیدا بێت ئەوا هێرشی دیکە دەست پێدەکەینەوە.

ئەو لێدوانەی ترامپ لە کاتێکدایە کە ناوبراو پێشتریش پیت هێگست، وەزیری شەڕی دەوڵەتەکەی ئەرکدار کردبوو کە سیاسەتی سەقامگیرکردنی ئاشتی لە ڕێگەی توانای سەربازییەوە بگرێتە بەر.

دۆناڵد ترامپ لەو  لێدوانەیدا پێداگریی لەسەر بەهێزیی هێزی دەریایی وڵاتەکەی کرد و ڕایگەیاند: "لە ئەگەری پەیدابوونی هەر ناوێکی ئەمریکادا، هەر دوژمن و دیکتاتۆرێک لەم هەسارەدا دەزانێت کە یەک بژاردەی لەبەر دەستدایە یان ڕێگە بدات ئەمریکا لە ئاشتیدا بێت یان لە تووڕەیی و ئاگری بێوێنەی ئێمەدا دەسووتێت".