کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژکردەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە پێڕانەگەیشتنی پزیشکیی بەندکراون لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە

12:20 - 9 رەزبەر 2725

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێڕانەگەیشتنی پزشکیی بەندکراوانی ئێرانی بە کەرەستەیەک بۆ سەرکوتی دژبەران لە قەڵەم داوە.

بڵاوبوونەوەی زانیارییەکان لەمەڕ دۆخی نالەباری بەندکراوان و پێڕانەگەیشتنی پزیشكی بە دۆخیان، دەنگدانەوەی جیهانی لێ کەوتەوە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەوبارەوە دژکردەوەی توندی نیشان دا.

لاپەڕەی فارسیی "ئیکســ"ـی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ئاماژەدان بە گیانلەدەستدانی سێ بەندکراوی سیاسیی ژن لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین بەهۆی بێبەشبوون لە مافی پێڕاگەیشتنی دەرمانی لەلایەن بەرپرسانی ئەو بەندیخانەوە نووسیویەتی: "ڕێگری لە پێڕانەگەیشتنی پزیشکی یەکێک لە ڕێگەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ سەرکوتی دژبەرانی خۆی".

ئەو وەزارەتەی ئەمریکا لە لاپەڕەی خۆیدا پەرژاوەتە سەر ئەو بابەتەی کە: "ڕێگریکردن لە دەرمانی ناڕازییانی بریندار، ناچارکردنی پزیشکان بە بێدەنگی و ساختەکاری ڕاپۆرتی توێکارییەکانی تەرمی کوژراوان لەپێناو شاردنەوەی تاوانەکانی خۆی، لە ڕێگەکانی دیکەی سەرکوتی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامییە".

ئەمریکا سەرەڕای ناوهێنانی ئەو تاوانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکوو "پێشێلکاریی ترسناک" و مەحکوومکردنی، داوای لە بەرپرسانی ڕێژیمی تاران کردووە کە "مافی بەندکراوان ڕەچاو بکات و کەڵکوەرگرتن لەو تاوانە بێزراوە وەکوو کەرەستەی سەرکوتی دژبەران، کۆتایی پێ بێنێت".

دژکردەوەی وەزارەتی ئەمریکا لەو بارەوە بۆ ئەو کاتەی دەگەڕێتەوە کە مەحموود ئەمیری‌موقەدەم، بەرپرسی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە کاردانەوە بە گیانلەدەستدانی دوو ژنە بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین بە ناوەکانی سومەیە ڕەشیدی و جەمیلە ع، خوازیاری لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی هۆکاری مەرگی ئەم دوو بەندکراوە لەلایەن کۆمیتەیەکی سەربەخۆی دۆزینەوەی ڕاستییەکان بووە.

بەپێی زانیارییەکان ئەم بەندیخانەکانی ئێران بە گشتی و بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین بە تایبەتی شوێنێکی زۆر خراپ بەتایبەت بۆ ژنان و بەندکراوانی سیاسییە کە هاتوچۆی هەوای تێدا نییە و هاوکات کێشەگەلێکی وەک نەبوونی ڕووناکیی پێویست، ئاوی خواردنەوەی خاوێن و تەندروست، خواردنی باش، نەبوونی شوێنی خەو و خزمەتگوزاریی بێهداشتیی پێویستی هەیە و هەموو چەشنە هەڵسوکەوتێکی توندوتیژانە و بەدوور لە مرۆڤایەتیی تێدا بیندراوە.