کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی کەمیی یاریدەدەری پزیشکی لە ئێران

10:58 - 14 رەزبەر 2725

سەرەڕای چەندین جار ئیدعای کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامی سەبارەت بە پێشکەوتنی کەرتی تەندروستی، ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستی ئاماژە بە قەیرانێکی نوێ لە سیستمی چاودێری تەندروستیدا دەکەن.

عەلی جەعفەریان، جێگری وەزیری تەندروستیی ڕێژیم باسی لەوە کرد لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە هەزار و  ٦٠٠ کورسی ڕشتەکانی یاریدەدەری پزیشکی بە بەتاڵی ماوەتەوە و دانی بەوەدانا کە زۆرێک لە پسپۆڕییە گرینگەکان، لەوانە پزیشکی فریاگوزاری و بێهۆشکردن، ڕووبەڕووی کەمیی بەرچاوی هێزی مرۆیی بوونەتەوە.

بە وتەی جەعفەریان، لە ساڵی ١٤٠٣دا زیاتر لە ٨٠ لەسەدی دەفەرایەتی ڕشتەکانی پزیشکی فریاکەوتن و نزیکەی یەک لەسەر سێی دەفەرایەتی ڕشتەکانی بێهۆشکردن پڕ نەکرایەوە؛ دۆخێک کە تەنانەت زانکۆ گەورە و بەناوبانگەکانی وەک تاران و بێهەشتیشی گرتووەتەوە.

ئەم بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە توانای وەرگرتن لە بوارە تایبەتمەندەکان لە سێ ساڵی ڕابردوودا زیادی کردووە، دانی بەوەدانا کە کەمبوونەوەی ئامادەیی پزیشکە گەنجەکان بۆ بەشداریکردن لە خولی یاریدەدەری بووەتە قەیرانێکی بەرفراوان لە سیستمی پەروەردەی پزیشکیدا.

ئەم دانپێدانانە لەلایەن بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستیەوە نیشانەیەکی ڕوون لە لاوازی بەڕێوەبردن و ناکارامەیی ڕێژیم لە پلاندانان بۆ داهاتووی تەندروستی ئێرانە.

گرینگی پێنەدانی ڕێژیم بە بارودۆخی ژیان و گوزەرانی پزیشکە گەنجەکان، باری قورسی کار و نەبوونی ئاسۆی پیشەیی ڕوون لە هۆکارە سەرەکییەکانی کەمبوونەوەی داخوازییەکان لەسەر پسپۆڕییە گرینگەکانن.