
دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا لەبارەی وتووێژ و دانوستانەکان لەگەڵ حەماس بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان باسی لە بەرەپێشچوونی خێرای ئەو وتووێژانە کردووە.
ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی، دۆناڵد ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆیدا لەبارەی بەرەوپێچوونی ئەو وتووێژانەوە نووسیویەتی: "ئەو دانوستانانە زۆر سەرکەوتوو بوونە و بە خێرایی ڕەوتی وتووێژ و دانوستانەکان دەچنە پێش".
سەرۆککۆماری ئەمریکا باسی لەوە کردووە کە " بۆ جارێکی دیکە تیمەکان ڕۆژی دووشەممە لە وڵاتی میسر کۆ دەبنەوە و وەردەکاریی کۆتایی هەڵدەسەنگێنن".
ترامپ لە هەمان ڕۆژدا ئاماژەی بەوە دا کە گەڵاڵەی کۆتاییهێنان بە شەڕ نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە، ڕێککەوتننامەیەکی گەورە بۆ ئیسرائیل بە ئەژمار دێت.
هەر لەو پێوەندییەدا پێشتر حەماس ڕایگەیاندبوو کە لەگەڵ هێندێک لە بەندە سەرەکییەکانی گەڵاڵەی ٢٠ی مادەیی پێشنیارکراوی ترامپ، لەوانەش کۆتاییهێنان بە شەڕ، پاشەکشێی ئیسرائیل لەو ناوچە، ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان لە بەرانبەر ئازادکردنی بارمتە فەلەستنییەکان، ڕەزامەندی دەربڕیبوو و ترامپیش پێشوازیی لەو ڕاگەیەندراوەی حەماس کردبوو.
پێشتر دۆناڵد ترامپ هەڕەشەی کردبوو کە ئەگەر حەماس هێز و دەسەڵاتی لە ناوچەی غەززە و ئەوەی لە گەڵاڵەی پێشنیارکراوی ترامپدا گونجێندراوە، ڕادەست نەکاتەوە، ئەوا بە تەواوەتی ئەو گرووپە لەنێو دەبات.
هەروەها سەرۆککۆماری ئەمریکا لە وتووێژێک لەگەڵ کاناڵی "سی ئێن ئێن" لە وڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا بێنیامین نێتانیاهوو لەگەڵ ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر غەززە ڕەزامەندی دەربڕیوە یان نا؟ وتوویەتی: "بەڵێ، نێتانیاهوو لەگەڵ ئەو پێشنیارەی ئەمریکا هاوڕایە".
هەروەها ستیڤ ویتکاف نێردراوی تایبەتیی ترامپ لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناڤین بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی وردەکاریی کۆتایی لەبارەی ئازادکردنی بارمتەکان سەردانی میسری کردووە.