کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی دوو هاوپەیمانی سیاسی بەرامبەر بە لەسێدارەدانی حەوت زیندانی سیاسی کورد و عەرەب

12:11 - 14 رەزبەر 2725

دوو هاوپەیمانی سیاسی بە ناوەکانی "هاوپێوەندی هەمەلایەنە بۆ ئازادی و یەکسانی لە ئێران" و "کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ" بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، لەسێدارەدانی حەوت بەندکراوی سیاسی و مەدەنی عەرەب و کورد لە بەندیخانەکانی سپیدار لە ئەهواز و بەندیخانەکانی قزڵحسار لە کەرەج مەحکووم کرد.

بەپێی بەیاننامەی ئەم دوو هاوپەیمانییە، ڕۆژی شەممە ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، شەش بەندکراوی سیاسی عەرەب لە بەندیخانەی سپیدار لە ئەهواز بە تۆمەتی "جیاخوازی"، "تیرۆر" و "سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل" لە سێدارە دران و بەندکراوێکی سیاسی کورد بە ناوی "سامان محەممەدی خیارە" لە بەندیخانەی قزڵحەسار لە شاری کەرەج لەسێدارەدرا.

سەرچاوە نزیکەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆیی ئەهواز ڕایانگەیاندووە کە ئەم بەندکراوانە لە کاتی دەسبەسەرکردنیاندا تووشی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەرونی توند کراون و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەبێ ئاگاداری بنەماڵەکانیان بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراونەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکە ئاماژە بە دۆسیەی سامان محەممەدی خیارە، زیندانی سیاسیی کوردی خەڵکی سنە دەکات کە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا بەندکراوەوە و لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبولغاسم سەڵاواتی بە تۆمەتی "محاربە" سزای ئێعدامی بەسەردا سەپاوە.

ناوبراو ڕۆژی شەممە دوای تێپەڕاندنی ١٦ ساڵ بەندکران لە بەندیخانەی قزڵحسار لەسێدارەدرا.

ئەو دوو هاوپەیمانییە، وێڕای مەحکوومکردن ئەوەی کە بە "ئێعدامی نامرۆڤانە و تاوانکاری" وەسفیان کردووە، داوایان لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و بە تایبەت مای ساتۆ، ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران کردووە، کە گوشارەکان بۆ ڕاگرتنی ئەم پڕۆسەیە و بەدواداچوون بۆ دۆخی بەندکراوانی سیاسی و شوێنی بەندکراوان، بۆ سەر کۆماری ئیسلامی زیاد بکەن.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا جەخت کراوەتەوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پرسی سەردانیکردنی نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ زیندان و شارەکانی ئێران بخاتەوە بەرنامەی کاری خۆیەوە.