کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کشومات‌بوونی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی

08:58 - 15 رەزبەر 2725

فەتاح ڕەسووڵی

دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی و گەیشتنی ئاخوندەکان بە دەسەڵات و جێگیرکردنی سیستمی ویلایەتی فەقیهـ بۆ کۆنترۆڵ‌کردنی ئەو سیستمە و سەروەت و سامانی وڵات و کۆمەڵانی خەڵکی ئێران، دەیان و سەدان بونیاد و ڕێکخراوی بەناوی جۆراوجۆر دامەزراند کە زۆربەیان لەژێر دەسەڵاتی ڕێبەردان؛ تەنیا چوار دامەزراوەی "آستان قدس رضوی"، "قرارگاه خاتم‌الانبیاء"، "بنیاد مستضعفان" و "بنیاد امام"،٦٠ لەسەدی سامانی گشتیی ئێرانیان لە ئیختیاردایە. کەلک‌وەرگرتن لە باوەڕی ئایینیی خەڵک، سیاسەت و ستراتیژیی زەبروزەنگ، تۆقاندن و کوشتار و نانەوەی دووبەرەکایەتی، وەک دەڵێن" تفرقە بینداز و حکومت کن"، بوو بە بنەمای فکریی پاراستن و مانەوەی ئەم دەسەڵاتە داخراوەی ڕێژیمەکەیان. ئەم پرۆسەیە لە نیوخۆ لەسەر گەلانی ئێران تاقی کرایەوە و بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکانی سەر دەسەڵاتەکەیان، بۆ دەرەوەی سنوورەکانیش گواسترایەوە؛ کورد وتەنی:" ئاگرە سوورە لە خۆم دوورە"، بەم پێیە جووڵانەوە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پێی‌وابوو کە ئێستا دەتوانێ گەلانی ناڕازیی ئێران سەرکوت بکات و بۆ پاراستنی "شکۆی نیزام" کەوتە بیری شەڕ و ئاڵۆزی و ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە لە دەرەوەی سنوورەکان. بە کەلک‌وەرگرتن لە ئایینی شیعە توانی لە چەندین وڵات گرووپە چەکدارەکانی توندئاژۆی وەک حەماس، حیزبوڵڵای لوبنان، حوسییەکانی یەمەن، حەشدی شەعبیی عێراق دامەزرێنێ و وەک پرۆکسی و هێزی نیابەتی لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی لەسەر حیسابی سەروەت و سامانی گشتیی ئێران بەکاریان بینێ. ئەم پرۆسەیە فکری دیکەشی لە پشت بوو ئەویش پەرەپێدانی ئایینی شیعە لە هەموو جیهاندا لە ڕێگای بە فیڕۆدانی سەرمایەی خەڵکی ئێران. یەکێک لە دیپلۆماتەکانی خۆیان دەگێڕێتەوە ڕۆژیک سەردانی وڵاتی ژاپۆنم کرد ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە یەکێک لە شارەکان بنکەیەکی بۆ ڕاکێشانی خەڵکی ئەو وڵاتە بۆ لای ئایینی شیعە بەکرێ گرتبوو کە کرێی مانگانەی ٢٠ هەزار دۆلار بوو و لە  ماوەی ٦ ساڵدا بە میلیۆن دۆلاریان خەرجی ئەم مەبەستە کرد بەڵام لەو ماوەیەدا تەنیا توانیبوویان یەک کەس موسوڵمان بکەن کە ئەویش ژاپۆنی نەبووە بەڵکوو کرێکارێکی وڵاتێکی‌‌‌‌تر بووە. پاشان درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێ بەرپرسی باڵوێزخانەی ئێران هەر لەو وڵاتە ئاگاداری کردمەوە کە یەکێک لە زانایانی ئێرانی کە لە ژاپۆن دەژیا و خەریکی خزمەت‌کردن بووە، کۆچی دوایی کردوە، منیش خۆم گەیاندە ئەو شوێنە و پرسیارم کرد ئەدی کوا کەسوکاری و لەکوێ بە خاک ئەسپێردراوە، وەڵامی دامەوە هەر لێیگەڕێ ئەو کەسایەتییە دینەکەشی گۆریبوو و پێش مردنی وەسیەتی کردوە بە داب و نەریتی ئێرە مەیتەکەی بسووتێنن با هیچ ئاسەوارێکی لێ بەجێ نەمێنێ.

کۆماری ئیسلامی لە درێژەی سیاسەتی هێژموونیخوازیی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاڵۆزکردنی ناوچەکە لە بەرژەوەندیی خۆیدا، پیلانی جۆراوجۆری گێڕاوە. لە ٧ی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠٢٣ی زایینی بە پشتیوانیی سپای پاسداران حەماس هێرشی کردە سەر خاکی ئیسرائیل کە بووە هۆی خەسارەتێکی گەورەی مرۆیی و بە بارمتەگرتنی چەند سەد کەس خەڵکی مەدەنی لەلایەن گرووپی حەماسەوە. ئەم دەستدرێژییە ئیسرائیل و ئەمریکای زۆر تووڕە کرد و کاردانەوەی توندیان نیشان‌دا و شەڕەکەی بردە قۆناغێکی دیکە و ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی هاتە ئاراوە و کێشەکەی قووڵتر کردەوە. ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی لە زەوی و ئاسمان بۆ سەر کەرتی غەزە دەست پێ‌کرد و لە ئاکامی ئەم هێرشەدا ڕێبەران و فەرماندە پلە‌بەرزەکان و بەشی هەرە‌زۆری هێزەکانی حەماس و زیاتر لە ٦٠ هەزار خەڵکی مەدەنی کوژران، دوو ئەوندەش بریندار و بێسەروشوێن بوون و بوونە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی سیاسەتی شەڕەنگێزیی ڕێژیمی تاران و غەزەش نیزیک بەتەواوی وێران بوو. هێرشی بەربڵاوی ئیسرائیل لوبنان و سووریە و حوسییەکانی یەمەنیشی گرتەوە و گورزی کاریگەریان بەرکەوت و تێچوویەکی زۆریان دا و ڕێبەرانی سیاسی و سەربازییان بە دەردی ڕیبەرانی حەماس چوون و خەسارەتێکی قورس بە ژێرخانی ئابووریی ئەو وڵاتانە گەیشت؛ ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە سووریە کە قووڵایی ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی بوو، لە ساڵی ٢٠٢٤ی زایینی لەلایەن دژبەران و خەڵکی ناڕازی بۆ هەمیشە کوتایی بە دەسەڵاتی هات و کردیان بە عیبرەتی مێژوو بۆ هەموو ئەو دیکتاتۆرانەی خەڵک سەرکوت دەکەن و گوێ نادەنە داخوازیی خەڵکەکەیان. بەڵام ئامانجە گەورەکەی ئیسرائیل سەری مارەکە و ماکەی تەواوی کێشەکانە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە بۆیە بە پشتیوانیی ئەمریکا هێرشی کردە سەر بنکە و ناوەندە ئەتۆمی و سامانە مووشەکی و نیزامی و زیندان و دەنگ‌وڕەنگی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە ٤٦ ساڵە سامانی گشتیی وڵاتی بۆ خەرج کردوون و بوون بە دووکەڵ و خەڵووز و لەنێو چوون، فەرماندەرە پلەباڵاکانی سپاە و زانایانی ئەتۆمی بوونە ئامانجی ئیسرائیل و کوژران، زەربەیەکی گورچکبڕی بەرکەوت و زیانێکی گەورەش بە ئابووریی ئێران گەیشت. ئەم شەڕە کە ١٢ ڕۆژی خایاند ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تووشی شۆک و سەرلێشێواوی کرد. بەدوای ئاگربڕی ئەو شەڕەدا لەلایەن ڕۆژئاواوە موڵەت درا بە کۆماری ئیسلامی کە بۆ چارەسەر کردنی بەرنامەی ناوکی ڕێگای وتووێژ و دیالۆگ هەڵبژێرێت بەڵام ئەو مۆڵەتەش کۆتایی هات. ڕێژیم بە تایبەتی عەلی خامنەیی بێ ‌گوێدان بە هۆشداریی وڵاتانی رۆژئاوا، دانوستان و و دیالۆگی بە شتێکی بێ‌بنەما و بێ‌سەمەر پێناسە کرد. سیاسەت و ستراتێژی و پرۆژەی کۆماری ئیسلامی کە وەک تێۆری هەڵیبژاردوە نەگۆڕە و تەنیا بۆ پاراستنی ڕێژیمەکەیانە.

هەنووکە دەبینین کە کۆدەنگییەکی نێونەتەوەیی بەدژی ئێران ساز بووە و کۆمەڵگەی جیهانی بەم قەناعەتە گەیشتوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی چیتر ناتوانێ بەم ئایدۆلۆژی و تیۆرییانە درێژە بە سیاسەتی فریودان و ناسەقامگیرکردنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بدات. ئەوەی بۆ کۆمەڵگای جیهانی گرینگە تەنیا بەرنامەی ناوکیی ئێران نییە بەڵکوو ئایدۆلۆژیی ئەو وڵاتەیە کە بەردەوام کیشەخوڵقینە و جێگای متمانە نیە. بۆیە وڵاتانی ڕۆژئاوایی بە چالاک‌کردنی میکانیزمی ماشە گەمارۆکانیان گەڕاندەوە سەر ئێران و ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهیان خستە ژێر زەختەوە و هیچ مەجالێکیان بۆ نەهێشتۆتەوە.

لێرەدا پرسە جەوهەریەکە ڕوو بە عەلی خامنەیی و ڕێژیمەکەی ئەوەیە کە لە ماوەی"٤٦"ساڵی ڕابردوودا تا توانیتان خەڵکتان کوشت و بە کوشتنتاندان و پێتان نایە هەر شوێنێک وێران و کاولتان کرد، دەستان لە هیچ جینایەتێکی دژەمرۆیی نەپاراست و سەروەت و سامانی گشتیی وڵاتتان تاڵان کرد و ژیانی خەڵکتان وێران کرد و وەک کوندەبوو کردتان بە لانە. ئیتر خامنەیی دەبێ لە خەوی زستانی ڕاپەڕیبی و هەر نەبێ بۆ جارێکیش چاوێک بە دەورووبەری خۆیدا بخشێنێ و گۆڕانکارییەکان ببینێ کە ئیقتداری ڕێژیمەکەی نەماوە و جیهانبینی و ڕوانگەی نەسلی ئێستای خەڵکی ئێران زۆر جیاوازە و نەبەستراوەتەوە بە مەزهەب و خوازیاری گۆڕانکاری و تینووی ئازادی و ڕزگارین لە دەستی ڕێژیمەکەیان.

کۆماری ئیسلامی لە باوەڕ و زێهنییەتەکانی خەڵکی ئێراندا ڕووخاوە و متمانە و ڕەوایی لای خەڵک نەماوە و کاتی بەسەرچووە. ئێستا کە بازنەی گەمارۆ و گوشارە نێونەتەوەییەکان بۆ سەر خامنەیی و ڕێژیمەکەی ڕۆژدەگەڵ‌ڕۆژ چووکتر دەبێتەوە و لە نێوخۆی وڵاتیش تووشی سەدان قەیران و کێشە بۆتەوە و لە هەموویان گرینگتر بەهای دراوی داتەپیوە و ئابووری وێرانە. هەرکام لە باڵەکانی نێو ڕێژیم ئەویتر بە هۆکاری ئەو کێشە و قەیرانانە دەزانێت کە بەرۆکی ڕێژیمیان گرتوە. شارەزایانی سیاسی پێیان وایە هۆکار و سەرچاوەی تەواوی قەیران و کێشەکانیان بە هۆی سیاسەتە هەڵەکانی عەلی خامنەییە کە پشکی شێری بەردەکەوێت. ئێستا لەسەر ڕێککنەکەوتنی بەرجام لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا و کەڵەکەبوونی قەیرانەکانی دەرەکی و نێوخۆیی کە هەموو دەرگاکانیان بەڕوودا داخراوە و لە حەوت تەبەقەی ئاسمان ئەستێرەیەک شک نابەن، کێشەی باڵەکانی نێو دەسەڵاتی قووڵتر کردۆتەوە و وەک گورگ کەوتوونەتە گیانی یەکتر. زۆرجار لە پیاوانی بەتەمەنی خۆمان بیستوە کە لە زستانی سەخت و بەفراویدا کە میگەلە گورگەکان هیچیان دەست نەکەوێ بۆ خواردن و زیندوومانەوەیان لەنێو خۆیاندا هەرکام لە هاوڕێکانیان کە لە هەموان لاوازتر بێت، دەیکەن بە قوربانیی خۆیان تا بەڵکوو لە دۆخەکە ڕزگاریان بێ. ئێستا ئەم چیرۆکە لەنێو دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دووبارە دەبێتەوە. سیاسەتی جیهانی لە هەمبەر ئێران گۆڕاوە، وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەوانەیە ئامانجیان گۆڕینی ڕێژیم نەبێ بەڵام مەبەستی سەرەکییان لاوازکردنیەتی بۆ ئەوەی دەستێوەردان نەکات لە وڵاتانی ناوچەکە و واز لە تیرۆر و ڕەشەکوژی و ئێعدامی جیابیران بێنێ و گۆێڕایەڵی کۆنڤانسیۆنە نێودەوڵەتییەکان بێ و دەستەمۆی بکەن و لە چوارچێوەی ئێراندا بیهێڵنەوە. بە هەمووی ئەوانەی باس کران ئایا عەلی خامنەیی و ڕێژیمە فاشیستەکەی تو بڵێی لەو جیهانە پڕ لە کێشە و ئاڵۆزەدا لەم گۆڕانکارییانە دەربازی ببێ و ئەویش لە حاڵەتێکدا کە هەموو هێڵە سوورەکانی بەزاندووە و هیچ ئاسۆیەکی ڕوون شک نابات، نە ڕێگای پاشەکشەی هەیە نە هەنگاوێک بۆ پێشەوە، کەوابوو دەتوانین بڵێین کشومات بووە.