
عەلیڕەزا کازمی، وەزیری پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم ڕایگەیاند، داخستنی بەربڵاو بەهۆی قەیرانی وزە و پیسبوونی هەوا بووەتە هۆی دابەزینی بەرچاوی ئاستی خوێندن لەنێو قوتابییاندا.
بە وتەی ناوبراو، پێداچوونەوەیەک بە ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی پۆلی ١٢ دەریدەخات ئاستی قوتابییان بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو نزیکەی ٤٣ لەسەد دابەزیوە.
کازمی جەختی لەوە کردەوە کە هۆکاری سەرەکیی ئەم دابەزینە، داخستنی بەردەوامی قوتابخانەکان و لاوازبوونی کوالێتیی خوێندنی کەسی و پشتبەستنی زۆر بە خوێندنی مەجازی بووە.
ناوبراو زیادی کرد: دابەزینی ئاستی خوێندن کێشەیەکی درێژخایەنە لە سیستمی پەروەردەی ئێراندا کە بە شێوەی جۆراوجۆر لە هەموو قۆناغەکاندا دووبارە دەبێتەوە.
هەروەها کارناسانی بواری پەروەردە هۆشداری دەدەن لەوەیکە درێژەدان بەم ڕەوتە دەتوانێت لێکەوتەی جیددی بۆ داهاتووی پەروەردەیی و لێهاتوویی نەوەی گەنج هەبێت.