کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا بە شێوەی نێونجی لە ڕۆژێکدا ٩ کەس لە سێدارە دراون

11:17 - 15 رەزبەر 2725

هەواڵدەریی "هێرانا" سەرەڕای باسکردن لە ڕاگواستنی ١٠ بەندکراو لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج بۆ ژووری تاکەکەسی بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانیان، ئاماژەی بەوە داوە کە ڕێژەی سێدارەدانەکان لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە لە ماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە.

ڕۆژی دووشەممە ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی، هەواڵدەریی "هێرانا" کە پێشتر هەواڵی سەپاندنی سزای لەسێدارەدانی بە سەر ئەو ١٠ بەندکراوەدا بڵاو کردبووەوە، لە ئێستادا لە دووتوێی ڕاپۆرتێکی نوێدا ڕاگواستنی ئەو بەندکراوانەی بۆ ژووری تاکەکەسی پشتڕاست کردووەتەوە.

کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکەوتی ٧ی ڕەزبەر ڕایانگەیاند کە لە کەمتر لە ٩ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥دا، زیاتر لە هەزار کەس لەلایەن ڕێژیمی تارانەوە لە سێدارە دراون.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەو ڕێکخراوەیە، ئەو ئامارە دەرخەری چوونەسەرەوەی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئاستی نێونەتەوەییدایە.

بە گوێرەی زانیاریی کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە حەفتەکانی ڕابردوودا بە شێوەی نێونجی لە هەر ڕۆژێکدا لە بەندیخانەکانی ئێراندا زیاتر لە ٩ کەس لە سێدارە دراون.