کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢١ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی خوازیاری ڕاگرتنی لەسێدارەدانەکان لە ئێران بوون

12:22 - 9 رەزبەر 2725

٢١ ڕێکخراو و تۆڕی مافی مرۆڤی و دژبەری ڕێژیمی ئیسلامی لە ئێران، لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدان بەیاننامەیەکی هاوبەشیان سەبارەت بە ڕەهەندە کارەساتبار و ڕێکخستنی لەسێدارەدانەکان لە ئێراندا هۆشدارییان دا و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەم "شەپۆلی لەسێدارەدانانەی ڕێژیم بوون".

بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، تەنیا لە ماوەی نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە هەزار ٣٠ کەس لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی لەسێدارە دراون، ژمارەیەک کە لە سێ دەیەی ڕابردوودا نەبینراوە و بە بڕوای واژۆکاران نیشانەی کەڵکوەرگرتنی ئاشکرای ڕێژیم لە ئێعدامەکان وەک چەکێکی سیاسی بۆ مانەوەیە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل، ژمارەی ئێعدامەکان زیاتر لە ٤٠ لەسەد زیادی کردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ڕێژیم لە سێدارەدان وەک ئامرازی سەرکوتی سیاسی و چاندنی ترس لە کۆمەڵگەدا بەکار دەهێنێت.

واژۆکەرانی ئەم بەیاننامەیە جەختیان لەوە کردەوە کە شەپۆلی ئێعدامەکان نەیتوانیوە خەڵکانی ئێران بێدەنگ بکات و ئاماژەیان بەوە کرد کە هەر لەسێدارەدانێک ناڕەزایەتی نوێی بەدواوە دەبێت و ڕێژیم لە ڕێگەی توندوتیژییەوە نەیتوانیوە ناڕەزاییەتیی گشتی بێدەنگ بکات.

ئەوان ئەم پرۆسەیەیان مەحکووم کرد و داوای گوشاری دیپلۆماتیکیان کرد تاکوو سزای ئامانجدار بخرێتە سەر ئەو بەرپرسانەی کە لە ئەنجامدانی لەسێدارەدانەکان بەرپرسیارن.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا جەخت لەسەر پێویستیی هەنگاوی خێرا لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە کراوە و هۆشداری دەدات کە جگە لە هەوڵدان بۆ پێشگرتن لە دەستخستنی چەکی ناوکی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، دەبێ ڕووبەڕووی "چەکی مەرگهێنەری لە سێدارەدانـ"ـیش ببنەوە.

ئەم بەیاننامەیە لەلایەن ٢١ ڕێکخراوەوە واژۆ کراوە کە بریتین لە کۆمیتەی نێودەوڵەتی دژ بە سزای لەسێدارەدان، کەمپەینی جیهانیی نا بۆ لەسێدارەدان لە ئێران، تۆڕی جیهانی بۆ ئازادکردنی بەندکراوانی سیاسی، کۆمیتەی ئازادکردنی بەندکراوانی سیاسی لە ئێران، ئەنجومەنی هاوکاریی بەلووچستان و گرووپی مافی مرۆڤی بەلووچستان."