
لە درێژەی چالاککردنەوەی مێکانیزمی ماشە لەلایەن تێرۆئیکای ئوروپاییەوە و گەڕانەوەی سزاکانی شۆرای ئەمنییەت دژی کۆماری ئیسلامی، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم، ڕۆژی دووشممە ١٤ی ڕەزبەڕ لە دانیشتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە تاران هیچ پلانێکی بۆ دانوستاندن لەگەڵ ڕۆژاوا سەبارەت بە بەرنامەی ناوەکی نییە.
بەقایی بە ڕەخنەگڕتن لە بڕیاری فەرانسە، ئاڵمان و بریتانیا ئەم هەڵوێستەی بە لاساریی سیاسی لە درێژەی ویستەکانی ئامریکادا زانی و پێداگریی کرد کە ئەم سێ وڵاتە بەرژەوەندییەکانی خۆیان قوربانیی گوشارەکانی واشنگتۆن کردووە.
ناوبراو وتی کە کۆماری ئیسلامی تەنیا لە حاڵەتێکدا لە دیپلۆماسی کەڵک وەردەگرێت کە لە درێژەی گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانی ئێراندا بێت؛ بابەتێک کە نیشاندەری درێژەی سیاسەتی دژبەرانەیە نەک هەڵکردن لەگەل کۆمەڵگەی جیهانی.
ناوبراو وتی کە چالاککردنی مێکانیزمی ماشە هیچ بەڵێنێک بۆ وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ جێبەجێکردنی گەمارۆکان دروست ناکات.
هەروها بەقایی بە ئاماژە بە کاراکردنی گەمارۆکانی تورکیە لە کاردانەوە بە بڕیاری شۆرای ئەمنییەت، ئەم هەڵوێستەی بە نایاسایی و ناپێویست زانی.
بەم حاڵەشەوە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم هیچ ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە ڕێگەچاڕەی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕووبەرووبونەوە لەگەل شەپۆلی نوێی گەمارۆکان نەداوە.
ناوبراو وتی کە لە ئێستادا هیچ پشکێنەرێکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی ووزەی ئەتۆمی لە ئێراندا نییە و ڕێککەوتنی قاهێرە لە نێوان تاران و ئاژانس بە لەبەرچاوگرتنی ئاڵوگۆڕەکانی ئەم ماوەیە، بە بێ گومان کارایی نییە و جێبەجێ ناکریت.
پێشتریش عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ڕێژیم ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕەزبەڕ لە دانیشتن لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی دەرەوەی دانیشتووی تاران وتی کە ڕێککەوتنی قاهێرە کاریگاریی نییە، سنەپ بەک بە تەواوی باڕودۆخەکەی گۆڕیوە و ئێمە لەگەڵ دۆخێکی نوێ بەڕەوڕووین .