
محەممەد شەریفی موقەدەم بەڕێوەبەری گشتیی خانەی پەرستاریی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ١٤ی خەزەڵوەر، هۆشداری دا کە پیشەی پەرستاری لە ئێران لە دۆخێکی ناجێگیردایە و لە کاتێکدا کە سیستمی تەندروستی بەرەوڕووی کەمیی هێزی مرۆیی توند بووەتەوە، زیاتر لە ٦٠ هەزار پەرستاری بێکار لە ئێراندا هەن.
بە وتەی شەریفی موقەدەم، بارودۆخی سەختی کارکردن و گوشاری دەرونی و نایەکسانیی مووچە وای کردووە زۆرێک لە پەرستاران لەم کارە بێهیوا بن و بۆ دەرچوون لە نەخۆشخانەکان بەدوای ڕێگەیەکدا بگەڕێن.
بەڕێوەبەری گشتیی خانەی پەرستاری جەختی لەوە کردەوە: "ئەمڕۆ پەرستاران ناچنە سەر کارێکی دیاریکراو بۆ ئەوەی ئەم پیشەیە بەجێ بهێڵن، بەڵکوو هەر ڕێگەیەک هەڵدەبژێرن کە بتوانن لە بارودۆخە سەختەکانی پەرستاری دەرباز بن ".
ناوبراو باسی لەوە کرد، کۆمەڵێک پەرستار ڕوویان لە بازاڕی ئازاد و کاری بیمە و بڕوانامەی پزیشکی و تەنانەت بوارەکانی وەک درێژکردنەوەی نینۆک و کاری شارەداری و شۆفیر تاکسیی ئانلاین کردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە عەباس عیبادی جێگری وەزیری پەرستاری لە وەزارەتی تەندروستی پێشتر ڕایگەیاندبوو کە لە ساڵی ١٤٠٤دا ٥٧٠ پەرستار ئێرانیان بەجێ هێشتووە و لە ئێستادا ئێران پێویستی بە ١٠٠ هەزار پەرستار هەیە.
جیاوازیی بەرچاو لە داهاتدا هۆکاری سەرەکیی کۆچکردنە؛ پەرستارێک کە نزیکەی ٢٠٠ دۆلار لە ئێران وەردەگرێت هەمان کار لە دەرەوەی وڵات بە ٤ هەزار هەتا ٦ هەزار دۆلار ئەنجام دەدات.