
لە درێژەی گوشار و سەرکوتی سیستماتیکی کەمیینە ئایینی و مەزهەبییەکان لە ئێران، هاووڵاتییەکی بەهایی دانیشتووی بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە بەند کراوە و بۆ تێپەڕاندنی سزاکەی بۆ بەندیخانە ڕاگوێزراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "چاونیووز"، ڕۆژی دووشەممە ١٤ی ڕەزبەر، "ئاگا سادقی" هاووڵاتیی بەهایی دانیشتووی شاری بۆکان، دوای بانگکردنی بۆ بە ناو دادگای ڕێژیم لەم شارە و بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان، گوازراوەتەوە.
سادقی پێشتر بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم" لە دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە بۆکان بە ساڵێک بەندکران سزا درابوو.
ئەم بڕیارە لەکاتێکدا جێبەجێ دەکرێت کە ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢٥ی گوڵانی ١٤٠٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و پاش نزیکەی مانگێک لێپرسینەوە لە ٢٠ی حوزەیرانی هەمان ساڵدا دوای دانانی بارمتە بەشێوەیەکی کاتی ئازاد کرابوو.