
رێکخراوی هەنگاو بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی خۆی ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی مانگی سێپتامبری ٢٠٢٥دا لانیکەم ۸۹ هاووڵاتی کە ناسنامەیان بە تەواوی ئاشکرا کراوە، لە سەرتاسەری ئێراندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی رێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لانیکەم ۶ چالاکی ژن، ۱۱ منداڵ، ۴۳ هاووڵاتیی کورد و ۱۰ هاووڵاتیی بەلووچ لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون یان ڕفێندراون کە زیاترین حاڵەتەکانی دەسبەسەرکران لە پارێزگای سنە بە ۲۳ حاڵەتەوە تۆمار کراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە پارێزگای سنە بە ۲۳ حاڵەتەوە زیاترین ژمارەی هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراوی لەخۆ گرتووە، هەروەها لە هەر یەک لە پارێزگاکانی ورمێ و ئێسفەھان ۲۰ حاڵەت لە دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان تۆمار کراوە.
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی سێپتامبردا لانیکەم ۴۳ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون کە بەرانبەر بە ۴۸.۵٪ی سەرجەم هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو لە سەرتاسەری ئێران لە ماوەی مانگی ڕابردوو بوون.
هەروەها لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ۱۰ هاووڵاتیی بەلووچ دەسبەسەر کراون.
دەسبەسەرکرانی پەیڕەوانی کەمینە ئایینی و مەزهەبییەکان لە ئێران لە ماوەی مانگی سێپتامبر وەکوو ڕابردوو درێژەی هەبووە و لەو مانگەدا لانیکەم یەک چالاکی بەهایی، یەک چالاکی سوننەمەزهەب و دوو مامۆستای ئایینیی شیعە دەسبەسەر کراون.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانیکەم ۱۱ منداڵی ژێر ۱۸ ساڵ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون. ئەو ڕێژەیە ۱۲٪ی کۆی دەسبەسەرکراوان لەو مانگە پێکدێنێت.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لانیکەم ۹ منداڵی دەسبەسەرکراو کورد و دوو منداڵ لوڕ و بەلووچ بوون.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانیکەم ۶ چالاکی ژن لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراون کە ۷٪ی کۆی دەسبەسەرکراوانی ئەو مانگە پێکدێنن.
لانیکەم ۳ ژنی گیلەک و دوو ژنی کورد دەسبەسەر کراون.
لە ماوەی مانگی سێپتامبری ٢٠٢٥دا دەسبەسەرکرانی لانیکەم ۱۸ مامۆستا لە کۆبوونەوەیەکدا و دەسبەسەرکرانی یەک خوێندکار تۆمار کراوە.