ڕۆژی سێشەممە ٨ی ڕەزبەری ١٤٠٤، ناوەندی مافی مرۆڤی کوردستان، چاونیووز بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک بەرانبەر بە بەیاننامەی کانوونی پارێزەرانی دادگوستەریی تەورێز، کاردانەوەی نیشان دا.
چاونیووز ڕایگیاندووە: ئەم هەوڵە سووککردنی پێگەی بەرزی پارێزەری، پێشێلکردنی ئاشکرای مافی هاووڵاتیبوون و نیشانەی پەرەدان بە فاشیسم بە ئیلهاموەرگرتن لە ئیدئۆلۆژیی ناکۆکی نانەوەی ناوچەییە.
ناوەندی مافی مرۆڤی کوردستان وێڕای مەحکوومکردنی توندی بەیاننەمەکەی کانوونی پارێزەرانی دادگوستەریی تەورێز، ئەمەی بە بەیاننامەیەکی ڕقاوی و نازانستی و دژی نەتەوەی کورد زانیوە.
چاونیووز ئەم بەیاننامەی بە پێشێلکردنی ئاشکرای کۆنوانسیۆنە نێونەتەوەییەکان بۆ نەهێشتنی هەڵاواردنی نژادی ناو بردووە و خوازیاری کاردانەوەی لێبڕاوی ناوەندە مەدەنییەکان، ڕووناکبیرانی هەر دوو نەتەوەکە و سەندیکای سەرانسەریی کانوونی پارێزەران بووە تاکوو بە بەتاڵکردنەوەی ئەم بەیاننامەیە و هەڵسوکەوتی یاسایی لەگەڵ نووسەرانی بەیاننامەکە، بەرگری لە سەربەخۆبوونی ناوەندی پاریزەران بکرێت.
چاونیووز لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە: سەقامگیری و ئەمنییەتی دەروونیی کۆمەڵگە، بەتایبەت لە نێوان دوو نەتەوەی کورد و تورک، تەنیا بە ڕێزگرتنی دوولایەنە، پێکەوەژیانی ئاشتییانە و باوەڕمەندبوون بە دێموکراسی و بنەماکانی مافی مرۆڤ دێتە دی. بیرکردنەوەی نادێموکراتیک و ڕەگەزپەرستانە، لەم بڕگە هەستیارە سیاسییەدا لە ئێران، تەنیا ڕێگەی گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی دژوارتر دەکاتەوە.