کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەردەمی قەیرانەکانەوە بۆ داڕمان!

21:34 - 15 رەزبەر 2725

حەسەن قارەمانی

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وەرچەرخانێکی مێژوویی‌دایە. لە ماوەی چل‌و‌شەش ساڵی ڕابردوودا، ڕێژیم لە ڕێگەی تێکەڵەیەک لە حوکمڕانی سەرکوتگەرانە، دەستێوەردانەکانی ناوچەیی و دانوستانی دەورەیی لەگەڵ ڕۆژئاوا، سەرەڕای دووبارەبوونەوەی قەیرانە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، توانیویەتی بەردەوام بێت.

یەکێک لە گۆڕانکارییە هەرە‌بەرچاوەکانی پێشهاتە هاوچەرخەکان، گۆڕانی تێڕوانینی نێودەوڵەتی بۆ ئێرانە. لە‌کاتێکدا کە پێشتر ئەو ململانێیە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕووی ڕووبەڕووبوونەوەی دوو‌قۆڵی نێوان تاران لە لایەک و ئەمریکا یان ئیسرائیل لە لایەکی دیکەوە لێکدەدرایەوە، ئێستا کۆماری ئیسلامی زیاتر وەک هەڕەشەیەکی سیستماتیکی بۆ سەر نەزمی جیهانی سەیر دەکرێت.

بەڵام پێشهاتەکانی ئەم دواییە ئەوە دەردەخەن کە ئەم سەردەمە بەرەو کۆتایی دەڕوات. دوو فاکتەر بە‌تایبەتی گرینگن: یەکەم، سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا، کە ئاستێکی نوێی نێودەوڵەتی و فشاری ئابووری دیاری دەکات؛ دووەم: پلانی ئاشتی بۆ غەززە کە لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە بە هاوکاریی ئیسرائیل و هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی پێشکەش کراوە، کە ئەگەری تێکدانی تەواوەتیی "مێحوەری بەرخۆدان" بە‌هێزتر دەکات کە لەمێژە بەردی بناغەی ستراتیژیی سیاسەتی دەرەوەی ئێران بووە. جێی خۆیەتی سەرەتا تیشک بخرێتە سەر گرینگترین ڕەهەندەکانی کێشەکە.

بەستێنی ژیۆپۆلەتیکی گۆڕانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست

ئێران لە دوای شۆڕشی ساڵی 1979ەوە هەوڵی داوە کاریگەریی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا فراوانتر بکات لە ڕێگەی پشتیوانی لە گرووپە چەکدارەکان کە دژایەتیی ڕۆژئاوا و ئیسرائیل دەکەن. حەماس لە غەززە، حیزبوڵڵا لە لوبنان، ڕێژیمی ئەسەد لە سووریە و میلیشیا شیعەکان لە عێراق پێکەوە ئەوەیان پێکهێناوە کە ڕێژیم خۆی ناوی "مێحوەری بەرخۆدان"ی لێ‌ناوە.

پلانی ئاشتی بۆ غەززە کە لەم دواییانەدا پێشکەش کرا، کە لەسەر بنەمای ئاگربەستی دەستبەجێ و ئازادکردنی بارمتەکان و هێنانەکایەی ئیدارەیەکی تەکنۆکراتیک و چاودێریی نێودەوڵەتی، هەڕەشەی تێکدانی بنەمای ئەم ستراتیژییەیە. ئەگەر حەماس  لە چەک داماڵرێت و سوپای ئیسرائیل وردە‌وردە لە‌ژێر کۆنترۆڵی نێودەوڵەتیدا بکشێتەوە، ئامرازی سەرەکیی نفوزی کۆماری ئیسلامی لە فەلەستین بە شێوەیەکی کاریگەر نامێنێت.

لەگەڵ لاوازبوونی ڕۆڵی حزبوڵڵا لە لوبنان و بەردەوامیی سەقامگیریی سووریە و زیادبوونی پشتبەستنی عێراق بە پشتیوانیی ڕۆژئاوا، نەخشەیەکی ناوچەیی سەرهەڵدەدات کە ئێران تێیدا پەراوێز خراوە. بەم پێیە ڕێژیم لە شەڕەکانی بە وەکالەتدا مەترسیی ئەوەی لەسەرە وەک شکستێکی ستراتیژی دەربکەوێت، ئەمەش شەرعیەتەکەی لە نێوخۆدا تێکدەدات.

دووبارە هێنانەکایەی سزاکان لە فشاری ئابوورییەوە بۆ داڕمانی سیستماتیکی

جیاوازیی نێوان سزا تاکلایەنەکانی پێشوو و سزاکانی ئێستای نەتەوە یەکگرتووەکان کە گەڕێنراونەتەوە، زۆر بەرچاوە. کاتێک ئەنجومەنی ئاسایش بڕیار لەسەر ڕێوشوێنی پابەندکەر دەدات، چوارچێوەیەکی ڕێکخراوەیی جیهانی دروست دەبێت کە بانکەکان، کۆمپانیاکانی بیمە، کەرتی گواستنەوە و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بەگشتی دەگرێتەوە.

سزاکانی ئێستا  بریتین لە:

_ سنووردارکردنی توند بۆ کەرتی بانکی و دارایی

_ پشکنینی کەشتی و فڕۆکە ئێرانییەکان لە بەندەر و فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکان

_ قەدەغەکردنی هەناردەکردنی چەک و تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو بۆ ئێران

_ تێکچوونی بیمە و گواستنەوەی کەلوپەلی ئێرانی

دەرئەنجامەکەی زیادبوونی بەرچاوی گوشارەکانە بۆ سەر گرینگترین سەرچاوەی داهاتی ڕێژیم، واتە هەناردەکردنی نەوت. تەنانەت پێش سەپاندنەوەی سزاکانیش، بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران بە بەراورد بە ئاستی لوتکە زیاتر لە یەک لەسەر سێ دابەزیبوو. لەگەڵ زیادبوونی تێچووی گواستنەوە و بیمە، داهات دەوڵەت  بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە.

بودجەی دەوڵەت کە لە ئێستاوە بەدەست کورتهێنانی درێژخایەنەوە دەناڵێنێت، ئێستا مەترسیی ئەوەی لەسەرە کە بەڕێوە نەچێت. توانای ڕێژیم بۆ دابینکردنی دارایی یارمەتییەکان، مووچە و خەرجییە سەربازییەکان سنووردار دەکرێت، ئەمەش هەرەسهێنانی ڕێژیم لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە خێراتر دەکات.

دەرئەنجامە نێوخۆییەکان قەیرانی ئابووری و پشێویی کۆمەڵایەتی

بۆ دانیشتوانی ئێران، گەمارۆکان لێکەوتەی دەستبەجێ و بەرجەستەیان هەیە. دابەزینی بەرچاوی بەهای ڕیال لە ئێستاوە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا سەرەتاییەکانی وەک نان و برنج و نەوت. بازاڕی زێڕ و دۆلار ڕەنگدانەوەی بێ‌متمانەیی بە سیاسەتە ئابوورییەکانی ڕێژیمە، لە کاتێکدا بازاڕی بۆرسە لە دابەزین‌دایە بەهۆی هەڵاتنی سەرمایە لە وڵات.

جگە لەوەش دەستڕاگەیشتن بە دەرمان و پارچەی یەدەگ و ئامێری وزە لە کەمبوونەوەدایە، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک دەبێت. سیستەمی چاودێریی تەندروستی کە لە ئێستاوە گرژ بووە، مەترسیی داڕمانی لەژێر نەبوونی کاڵای هاوردەکراودا هەیە.

ئەم هۆکارانە پشێویی کۆمەڵایەتی بەهێزتر دەکەن کە پێشتر لە شەپۆلی دووبارەبوونەوەی ناڕەزایەتیدا خۆی دەرخستوە: بزووتنەوەی سەوزی ساڵی ٢٠٠٩، خۆپیشاندانە ئابوورییەکانی ساڵی ٢٠١٧، ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ٢٠١٩ لە دژی نرخی سووتەمەنی و ڕاپەڕینی ساڵی ٢٠٢٢ لە دوای شەهیدکرانی ژینا ئەمینی. ئەزموونەکان دەریدەخەن کە زۆرجار نائومێدیی ئابووری دەبێتە کاتالیستێک بۆ داواکارییە سیاسییە فراوانەکان بۆ گۆڕانکاری.

ئیفلیجیی سیاسیی کۆماری ئیسلامی

سەرەڕای نەریتی ڕێژیم کە خۆی خۆڕاگر نیشان دەدات، دۆخی ئێستای ڕێژیم دەکرێ وەک قەیرانی بڕیاردان وەسف بکرێت. هەڕەشەکانی پێشوو بۆ داخستنی گەرووی هورمز، جێهێشتنی پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی (NPT) یان ڕاگرتنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، بە کردەوە بەتاڵ بوون.

کوتلە نێوخۆییەکان بڕیاردان ئیفلیج دەکەن، کوتلە توندڕەوەکان بانگەشە بۆ زیادکردنی ڕووبەڕووبوونەوە دەکەن، لە کاتێکدا پراگماتیستەکان هۆشداری دەدەن لەوەی کە ستراتیژییەکی لەو شێوەیە دەتوانێت کەوتنی ڕێژیمەکە خێراتر بکات. ئەنجامەکەی بێتواناییە لە داڕشتنی سیاسەتێکی یەکگرتوو.

پڕۆپاگەندەی دەوڵەت وەک بەرهەمهێنەری ئەفسانە

سەرەڕای ئەزموونی ڕۆژانەی دانیشتووان لە قەیرانی ئابووری، ڕێژیم بەردەوامە لە پێداگری لەسەر ئەوەی کە سزاکان بێکاریگەرن. ئەم پڕۆپاگەندەیە خزمەت بە چەند مەبەستێک دەکات:

_ بۆ پاراستنی سەرکردایەتی لە بەرپرسیارێتی هەڵە ستراتیژییەکان

_ بۆ پاراستنی پێکهاتەی دەسەڵاتی نێوخۆ و دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکانی دەوڵەت

_ بۆ بێدەنگکردنی دەنگە ڕیفۆرمخواز و ڕەخنەگرەکان لە ڕێگەی سانسۆر و ڕێکاری یاساییەوە

لە درێژخایەندا ئەم پڕۆپاگەندەیە کەلێنێک لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگادا دروست دەکات، کە وەسفی ڕێژیم بۆ واقیع تادێت لە ئەزموونە ژیاوەکانی خەڵک جیا دەبێتەوە.

کۆماری ئیسلامی وەک هەڕەشەیەکی جیهانی

ڕەنگە گۆڕانی هەرە‌چارەنووسساز لە تێڕوانینی نێودەوڵەتی بۆ ئێران بێت. لە‌کاتێکدا کە پێشتر ئەو ململانێیە بە پلەی یەکەم لەپێوەندی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا دەبینرا، ئێستا کۆماری ئیسلامی زیاتر وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر تەواوی سیستەمی نێودەوڵەتی دەژمێردرێت.

بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم گۆڕانکارییە دیاری دەکات. ئیتر ئێران تەنیا وەک ئەکتەرێکی ناوچەیی و خاوەن تەماحی کێشەدار نابینرێت، بەڵکو وەک ڕێژیمێک کە کردەوەکانی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەخاتە مەترسییەوە. ئەمەش دەرگا بەڕووی وەڵامدانەوەی توندتری جیهانیدا دەکاتەوە، لەوانە ئەگەری دەستێوەردانی سەربازی، ئەگەر قەیرانەکە قووڵتر بێتەوە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ ڕووبەڕووی تێکەڵەیەک لە ئاڵنگارییەکان دەبێتەوە؛ دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بنکەی ئابووریی ڕێژیمەکە تێکدەدات و پلانی نوێی ئاشتی بۆ غەززە کاریگەریی ناوچەیی لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێت.

لە نێوخۆدا، دانیشتووان تادێت بێزار دەبن لە ڕێژیمێک کە فراوانبوونی ژیۆپۆلەتیکی لە سەرووی خۆشگوزەرانیی خەڵکەوە دادەنێت. قەیرانی بڕیاردان و بێتوانایی ڕێژیم لە داڕشتنی ستراتیژییەکی یەکگرتوو، وێنەی دەوڵەتێک کە لە لێواری داڕماندایە بەرجەستەتر دەکات.

ئەگەر مێژوو هەر ڕێنوێنییەک بێت، هەر ئەم تێکەڵەیەک لە فشاری دەرەکی و بێمتمانەیی نێوخۆیی دەتوانێت زەمینە بۆ ڕاپەڕینێکی جەماوەری دروست بکات کە چیتر ناتوانرێت سەرکوت بکرێت. بەم شێوەیە دەتوانین باس لە گواستنەوە لە بۆ "سەردەمی ڕووخان" بکەین.

بەم پێیە کۆماری ئیسلامی خۆی لە چوارچێوەیەکدا دەبینێتەوە کە داینامیکی دەرەکی و نێوخۆیی کارلێک دەکەن و یەکتر بەهێز دەکەن. دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان خەریکە بنەما ئابوورییەکانی ڕێژیم دەشێوێنێت.

ئایندەی ئێران تا ڕادەیەکی زۆر بە هۆی یاریی نێوان گوشاری نێودەوڵەتی و خۆڕاگریی خەڵکەوە دیاری دەکرێت. بەم پێیە سەردەمی کۆماری ئیسلامی بەرەو کۆتایی دەچێت و سەردەمی داهاتووش بە ململانێ لەسەر ئەوەی کە لەدوای ئەوە دێت، پێناسە دەکرێت.