
وەزیرانی دەرەوەی شۆرای هاوکاریی کەنداو و یەکیەتیی ئورووپا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوایان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد کۆتایی بەو شتە بهێنێت کە بە "داگیرکردنی سێ دوورگەی ئیماراتی" ناویان بردووە، داواکارییەک کە کاردانەوەی توندی تارانی لێکەوتەوە.
ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەزبەر بە توندی ئەو بەیاننامەیەی مەحکووم کرد و وتی: ''ئیدعای دووبارەی ئیمارات سەبارەت بە دوورگەکانی تونبێ گەورە، تونبێ بچووک و ئەبوومووسا و هەروەها لێدوانی بێبنەما سەبارەت بە پرسی بەرگری و ئەتۆمیی ئێران، ڕەت دەکرێنەوە.
ئەو بەیاننامەیە شەوی ١٤ی ڕەزبەر لە کۆتایی ٢٩ـەمین کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزیرانی دەرەوەی شۆرای هاوکاریی کەنداو و یەکیەتیی ئورووپا لە کوەیت بڵاو کرایەوە.
لە دیدارەکەدا وەزیرانی دەرەوە داوایان لە ئێران کرد هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی دەست پێ بکاتەوە و واز لە جێگیرکردنی مووشەک و دڕۆن بهێنێت کە هەڕەشە لە ئەمنییەتی ناوچەکە دەکەن و دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆی وڵاتان ڕابگرێت.
شۆرای هاوبەش هەروەها ئاماژەی بە گەڕاندنەوەی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و سنووردارکردنی ناوکی دژی ئێران کردووە و ڕایگەیاندووە کە هەوڵە دیپلۆماسییە چڕەکان لەگەڵ ئێران نەیانتوانی مەرجی پێویست بۆ درێژکردنەوەی هەڵپەرساردنی گەمارۆکان دابین بکەن".
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، بە ئاماژە بە پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکی و دڕۆنی لەلایەن ئێرانەوە، جەخت کراوەتەوە کە "بڵاوبوونەوەی مووشەکی بالستیکی و دڕۆن یان هەر تێکنۆلۆژییەکی دیکە کە هەڕەشە لەسەر ئەمنییەتی ناوچەکە و زیاتر لەوەش بکات، ئاشتی و ئەمنییەتی نێودەوڵەتی تێکدەدات و لەگەڵ ڕێککەوتن و بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ناکۆکە".