
لە درێژەی هەوڵەکان بۆ سەپاندنی ئیدۆلۆژیی ئایینی و باسکردن لە شەڕەنگێزییەکانی ڕێژیم لە ناوچەکە، وەزیری پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە نوێترین بڕیاردا ئاماژەی بەوە داوە کە خوێندنی زۆرەملێی نوێژ و قورئان بۆ قوتابییان و ئاماژەدان بە شەڕەکانی ڕێژیم لە دژی ئیسرائیل لە پڕۆژە پەروەردەییەکانی ئەو وەزارەتەدایە.
عەلیڕەزا کازمی وەزیری پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە نوێترین لێدوانیدا ئاماژەی بەوە داوە کە سیاسەتی خوێندنی پەروەردەیی نوێژ و قورئانتەوەری لەپاڵ بەهێزبوونی شوناسی دینی و میللیدا پەیڕەو دەکرێت.
کازمی لەو لێدوانەیدا بە ئاماژەدان بە سەپاندنی ئیدۆلۆژیی ئایینی بە سەر قوتابییاندا باسی لەوە کردووە کە ئەو پڕۆژە ڕێکارنامەییە بەتایبەت لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی کرانەوەی قوتابخانە لە یەکەم ساتی دەسپێکی قوتابخانە و لە بەرەبەیانیدا ڕەچاو دەکرێت.
هەروەها ئەو بەرپرسەی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە بەرهەمە پێوەندیدارەکان بە شەڕی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل و دەسکەوتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەو شەڕەدا بە ئامانجی ئاشنایی منداڵان لەگەڵ دەسکەوتە مووشەکییەکانی ڕێژیم و فەرماندە کوژراوەکانی دەبێت لە قوتابخانەکاندا وەکوو وانە بوێترێتەوە.
"کازمی" بە ئاماژەدان بە هێرشە مووشەکییەکانی سپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل وتی: "نامیلکەیەکی تایبەت لەژێر ناوی زلەی توند، بۆ قوتابییان لە ئەمساڵی خوێندندا ئامادە کراوە".
سیستمی پەروەردەی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە بە تێکهەڵکێشکردنی ئیدۆلۆژییەکانی "ویلایەتی فەقێ"، لەگەڵ بابەتە زانستییەکاندا، بە تەواوەتی لە خزمەتی پەرەدان بە بڕوا و هێماکانی دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و ئیدۆلۆژیی ئایینیی دواکەوتوووانەیدا بووە.
وەزارەتی پەروەردەی کۆماری ئیسلامی کە لە ئیستادا لەگەڵ کێشە بنەڕەتی و پێکهاتەییەکان وەک نەبوونی کەرەستەی پێویست و بەڕۆژی خوێندن، بەبازرگانیکردنی خوێندن، دابەزینی ئاستی خوێندەواریی زانستیی مامۆستایان و بەڕۆژنەبوونەوەی زانستەکان، سیستمی بەڕێوەبەریی ناکارامە و یەکساننەبوونی پەروەردە بۆ هەمووان، بەرەوڕووە، هیچ هەنگاوێکی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەگەلە هەڵ ناگرێت.
تێکەڵبوونی ئیدئۆلۆژی لەگەڵ سیستمی پەروەردەی هەر وڵاتێک دەتوانێت تا ساڵانێکی زۆر لێکەوتەگەلێکی قووڵ و بەربڵاو لە سەر نەوەکانی داهاتووی کۆمەڵگە دادەنێت و لەگەڵ یاسای خوێندنی قوتابییان و جاڕنامە گەردوونییەکاندا ناتەبایە.