
هەردی سەلیمی
دوو ساڵ بەسەر ٧ـی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣دا تێپەڕ بوو، ئەو ڕۆژەی کەوا مێژووی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەبیری ناکات و بە نوختەگۆڕانێكی سەرەکی دەزانێ. لەو ڕۆژەوە تائێستا ئەوە دوو ساڵە ئەو شەڕەی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە هەروا بەردەوامە و چەندین جاریش پەلی بۆ شوێنی دیکەش کێشاوە؛ لەوانە: لوبنان، یەمەن، سووریە و ئێران. هەرچەند سەرکەوتنی ئەم خولە لە وتووێژەکانی ئاشتی مسۆگەر نیە، بەڵام زۆربەی دەوڵەتان و ڕای گشتیی جیهان بەدوای ئەوەوەن ئەو شەڕە ڕابگیرێ.
کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە سەرەتای حەوتی ئۆکتۆبرەوە پێیوابوو سەرکەوتنی خێرا بەدەست دێنن و ئیسرائیل لە باشترین حاڵەتیدا لەنێو دەچێ یان هەر نەبێ تووشی شکستێکی مێژوویی دەبێ، سەرەتا و بەخشکە خۆی بە هاوبەشی ئەو ئۆپەراسیۆنە دەزانی، بەڵام جار لەگەڵ جار پاشەکشەی زیاتری پێوە دیار بوو هەتا ئەوەی لەم دواییانەدا بەتەواوی ڕۆڵی خۆی لە دەسپێکی ئەم شەڕەدا ڕەت کردەوە و ئیدیعای کرد، هیچ چەشنە ئاگادارییەکی نەبووە. جیا لەوەی ئەمە دەتوانێ لێدوانێکی چەواشەکارانە بێ، لە ڕاستیدا ئەمە لێدوانێکە لە چوارچێوەی قەبووڵکردنی شکست و زاڵبوونی ترس بەسەریاندا.
ئەگەر حەماس ویستی بەم حەرەکەتە قەزیەی فەلەستین بێنێتەوە ڕۆژەڤ و نێوانی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل تێک بدات، هەتا ڕادەیەک لەم ڕووەوە سەرکەوتوو بوو؛ ئەگەر ئیسرائیل ویستی بەبۆنەی ئەم شەڕەوە بزماری زلهێزبوونی خۆی لە ڕووی نیزامییەوە لە ناوچەکەدا بکوتێ، ئەویش سەرکەوتوو بوو، بەڵام ئەدی کۆماری ئیسلامیی ئێران؟ ڕێژیم لەگەڵ ئەوەی تێچوویەکی ماددیی زۆری هەبووە و چەندین ساڵە هەوڵی داوە سامانی ئێران لە بەرنامەی ناوکی و مووشەکی و پڕچەککردنی هێزە نییابەتییەکانی و هەروەها پاڵپشتیی ماددیی ئەو هێزانەی پوتانسییەلی دژایەتیی ئیسرائیلیان هەبووە، تەرخان بکات؛ بەڵام لەم دوو ساڵەدا بەردی واقعییەت و ڕاستییەکان لە سەری دراوە.
کۆماری ئیسلامی ساڵێک بەر لە حەوتی ئۆکتۆبر لەگەڵ گەورەترین و بەرینترین ناڕەزایەتیی مەدەنیی مێژووی دەسەڵاتداریی خۆیدا بەرەوڕوو بووەوە، ڕاستە توانی ئەو ناڕەزایەتییانە بە هێزی چەک و بەکاربردنی توندوتیژیی ڕەها سەرکوت بکات، بەڵام لەو کاتەوە تائێستا نە خۆی گەڕاوەتەوە بۆ دۆخی پێش لە سەرهەڵدانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی و نە خەڵکی ناڕازیی ئەو وڵاتەش؛ بۆیە لەو ڕووەشەوە بە لەدەستدانی "ڕەوایی" و "ئۆتۆریتە"یەک کە پێشتر بۆ خۆی قائیل بوو، تووشی قەیرانێکی قووڵی دەسەڵاتداری بووە.
دواتریش و لەگەڵ بەرینبوونەوەی شەڕی غەززە، حیزبوڵڵا و حووسییەکانی یەمەن کە سەر بە کۆماری ئیسلامین، بەتەواوی لاواز بوون، بەتایبەت حیزبوڵڵا کە ئێستا لە بەرەبەری چەککراندایە. هاوکات لەگەڵ ئەمانە ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد لە سووریە وەک هاوپەیمانێکی سەرەکیی کۆماری ئیسلامی و لەدەستچوونی کۆریدۆری پێوەندی لەگەڵ حیزبوڵڵا لە ڕێگەی سووریەوە زەبرێکی کوشندەیتر بوو وە جەستەی دەمەومەرگی ڕێژیم کەوت. شەڕی دوازدە ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل لەگەڵ ئەوەی دەرخەری دەستڕۆیشتوویی و دزەی قووڵی ئیسرائیل لە هەموو ئۆرگانە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بوو، لە ڕووی نیزامیشەوە دەریخست کۆماری ئیسلامی کەوا نزیکەی نیو سەدەیە هەڵگری دروشمی مەرگ و نەمان بۆ ئیسرائیل و ئەمریکایە، هەتا چ رادەیەک بێتوانا و بێدەسەڵاتە لە بەرامبەریاندا و هەموو ئەو سەروەت و داراییەی بە درێژایی ئەم ساڵانە بۆ کاروباری نیزامی تەرخانی کردووە، هەتا چ ڕادەیەک بێکەلک و وڵامنەدەر بوون؛ هەر ئەم ڕاستییانە تەنانەت لەنێو لایەنگرانیشیدا تۆوی بێهیوایی و دەستەوەستانی بڵاو کردەوە.
دەسەڵاتی ناکارامەی کۆماری ئیسلامی لە پرسی ژینگە، لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئەمنییەتی، دیپلۆماسی و فەرهەنگی و... تووشی داڕمان بەواتای تەواوی وشە بووە، ئەم دەسەڵاتە لە هەموو ئەم بوارانەدا شکستی خواردووە و بە هیچ شێوەیەکیش ناتوانێ پشتی شکاوی لەژێر داروپەردووی تێکڕووخاویدا ڕاست بکاتەوە. هاتنەوەی مکانیزمی سنەپبەک و بەشداریپێنەکردنی ڕێژیم لە هیچ کام لە وتووێژەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس و کاڵبوونەوەی چاوپۆشییەکانی وڵاتانی ئورووپایی و توندبوونیان لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی و... لە نموونە هەرە نوێکانی ناکارامەیی ئەم ڕێژیمە لە ڕووی دیپلۆماسییەوەیە، بە جۆرێک کە ئێستا بەتەواوی تەریک کەوتووە. هیچ کام لەم نیشانانە و لەم داڕمانە قووڵانە بەخۆڕایی نین و بەرهەمی نزیک بە نیو سەدە دەسەڵاتی ناکارامەی ئەم ڕیژیمەیە، لە هەمانکاتیشدا گەورەترین نیشانەن بۆ ئەوەی باوەڕ بەو ڕاستییە بکەین کەوا کۆماری ئیسلامی گەیشتۆتە کۆتایی تەمەنی خۆی.