کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کاتێکدا ئێران لە ژێر گوشار دایە، نیگەرانییەکان لە هێرشی سەر لە نوێی ئیسڕائیل پەرە دەستێنن

12:38 - 16 رەزبەر 2725

واشێنگتۆن پۆست – سوزانا جۆرج

و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەن‌پوور

شەپۆلێکی نوێی گەمارۆی نێودەوڵەتی دۆخی سیاسی ئێران دەهەژێنن و ئابوورییەکی لەرزۆک هێندەی دیکەش بێ هێز دەکەن، هاوکات نیگەرانییەکان لەنێو هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ناوچەدا پەرە دەستێنێت کە دەورێکی نوێی هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران دەتوانێت فرە نزیک بێت.

بەڕێوەبەرایەتی ترامپ دەڵێ گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە لەگەڵ نزیک بوونەوەی کۆتاییهاتنی دەرفەتی چالاک کردنەوەیان وڵاتانی ئورووپایی ڕەزامەندییان لەسەر سەپاندنەوەیان دەربڕێوە، پێویستن تا گوشار بخرێتە سەر ئێران بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی دانوستان لەسەر بەرنامە ناوکییەکەی. بەڵام هاوپەیمانانی وڵاتە یەکگرتووەکان نیگەرانن کە ئەو هەڵوێستە مەترسیدارە و مەترسی پەلکێش کردنی ناوچەکە بۆ نێو دەورێکی نوێی ناکۆکی هەیە.

وەلی نەسر، پرۆفیسۆرێکی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و لێکۆڵەری سیاسی لە زانکۆی جان هاپکینز بۆ توێژینەوەی پێشکەوتووی نێونەتەوەیی دەڵێت، "ئەوە کایەیەکی مەترسیدارە." ئەو گوتی، هەرچی کات زۆرتر تێپەڕێت بێ ئەوەی ئێران و وڵاتە یەکگرتووەکان دەست بە دانوستان بکەنەوە، ئەگەری دەستپێکی ناکۆکی نوێ بەهێزتر دەبێت. ئێستا کە گەمارۆکانی "مێکانیزمی ماشە" سەپێندراونەوە، ڕەنگبێ چەند مانگی پێ بچێت هەتا ئەو دوو لایەنە جارێکی دیکە دەست بە دانوستان بکەنەوە.

نەسر گوتی، "دەرەنجامەکە ئەوەیە: بێتوو وڵاتە یەکگرتووەکان بە ڕاستی دەست بە دانوستان لەگەڵ ئێران بکات، ئەوە بە کردەوە بە مانای ڕاوەستانی دوژمنکاریی نێوان ئیسڕائیل و ئێران دەبێت." کاربەدەستێکی یەکیەتی ئورووپا، کە وەکوو چەند کەسی دیکە بۆ ئەو وتارە وتووێژی لەگەڵ کراوە، بە مەرجی نەدرکێندرانی ناوی لەبەر باس لە دیپلۆماسی هەستیار گوتی، سەپاندنەوەی گەمارۆکان "بژاردەی دڵخواز" نەبوو و هەوڵەکان بۆ خۆ بواردن لە قووڵتر کردنەوەی ناکۆکی لە ئارا دان. ئەو کاربەدەستە گوتی، "دەرگای دیپڵۆماسی هێشتا ئاواڵایە و، ئێمە بڕوامان بە ڕێگاچارەیەکی سەربازیی بۆ بڵاو نەکردنەوەی توانایی بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی نیە."

دوای تێپەڕ بوونی چەند مانگ بەسەر هێرش بۆ سەر بنکە ناوکییەکانی، بە گوێرەی پێداچوونەوەی واشینگتۆن پۆست بە وێنەی هەڵگیراو بە مانگی دەستکرد، ئێران دروست کردنەوەی بنکە ژێر زەوییەکانی دەست پێکردووەتەوە، کە ئەوە بەو مانایەیە کە ئێران لەسەرخۆ خەریکی دروست کردنەوەیانە. ئێران هەروەها هەڕەشەی کردووە پشکێنەرە ناوکییەکان قەدەغە دەکات، بێتوو گەمارۆکان بسەپێنرێنەوە و ئەندامانی پارلەمان داوایان کردووە ئێران لە پەیمانی بڵاو نەکردنەوەی توانایی بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی (NPT) بکشێتەوە، هەنگاوێک کە لە ڕوانگەی زۆر کەسەوە بە مانای گۆڕانی ئاراستەی بەرنامەی ناوکی ئێران بەرەو دروست کردنی چەکی ناوکییە.

سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل، بنیامین نەتانیاهوو، گوتی هەنگاوی سەربازیی زیاتر دژی ئێران، دوای پەسەند کرانی ئاگربڕ لەنێوان دوولایەن، هێشتا لە سەر مێزە. ئەو حەوتوویە، کاربەدەستانی ئیسڕائیلی بە مێدیای ناوخۆییان گوت کە ئەوان بیر لە هێرشی زیاتر دەکەنەوە.

وەک نیشانەیەکی قووڵتر بوونەوەی گرژیی ناوچەیی، مێدیای ئێرانی باسی ڕاپۆرتی ئاشکرایان کرد کە ئاماژەیان بە نێردرانی فڕۆکەی سووتەمەنیهەڵگری ئەمریکایی بۆ ناوچەکە کرد و، گوتیان ئەو هەواڵانە هاوکاتن لەگەڵ لێدوانەکان لەمەڕ سەپاندنی گەمارۆی زیاتر تا "رێخۆشکەری هەڕەشەی سەربازیی بن."

لێدوانی لەو چەشنە بەتایبەتی بوونە هۆی نیگەرانی هاوپەیمانانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ناوچە. کاربەدەستێکی پلەبەرزی دەوڵەتێکی عەڕەبی نزیک لە بەرێوەبەرایەتی ترامپ گوتی، "ئەوڕۆ ناوچەکە ناتوانێ هەمان جەنگی نێوان ئێران-ئیسڕائیل یان هەر جۆرە شەڕێک کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا لە ناوچەکەدا ڕوویان داوە، جارێکی دیکە ئەزموون بکاتەوە. تێچووەکەی گەلێک بەرزە." ئەو گوتی "دامرکاندنەوە" وەک تاکە بژاردە بە هاوتا ئەمریکاییەکانم پێشنیار دەکەم.

بەڵام بە گوتەی کاربەدەستێکی وڵاتە یەکگرتووەکان کە سیاسەتەکەی شی کردەوە، بەڕیوەبەرایەتی ترامپ لە سەر ئەو بڕوایەیە کە ئێستا کاتی چڕ کردنی زەختەکانە و، گەڕاندنەوەی گەمارۆکانی "مێکانیزمی ماشە" دەبنە هۆی "ئافراندنی دۆخێک" بۆ "ڕێگەچارەیەکی سیاسی."

بە گوتەی کاربەدەستێکی وڵاتە یەکگرتووەکان، ئامانجی ئەو زەختە هاندانی ئێران بۆ قبووڵ کردنی چوار مەرجی تووش وەک بناغەی دانوستانی نوێیە: وتووێژەکان دەبێت "واتادار" و ڕاستەوخۆ بن، تاران دەبێ سیفر پیتاندنی ماددەی ناوکی قبووڵ بکات و بەرنامە هاژەکییەکەی سنووردار بکات و، دەبێ دەست لە دابین کردنی دارایی بۆ هێزە بەکرێگیراوەکانی هەڵگرێت. ئەو مەرجانە بەشێک لە گرینگترین بەربەستەکانی دانووستانەکانی پێشوو بوون و، ئێران وێدەچێ ئەوان وەک بڤە سەیر بکات.

دانوستانکارانی ئێرانی و ئەمریکایی لە دوو مانگی ئەوساڵدا پێنج جار بۆ وتووێژ کۆبوونەوە، بەڵام لە مسۆگەر کردنی پێشوەچوون بەرەو ڕێککەوتنێک شکستیان هێنا. کاربەدەستەکەی وڵاتە یەکگرتووەکان گوتی بەڕێوەبەرایەتی ترامپ لە سەر ئەو بڕوایەیە کە تاوانی مسۆگەر نەکردنی پێشوەچوون لە ئەستۆی ئێرانییەکانە چونکە ئەوان "جیددی نەبوون" و تیمی دانوستانکارەکانیان دەسەڵاتی گەیشتن بە رێکەوتنیان پێ نەدرابوو. ئەو دانوستانانە کاتێک ئیسڕائیل لە ١٣ی جوون هێرشی کردە سەر ئێران هەڵپەسێردران.

جەنگی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئیسڕائیل و ئێران بەدوایدا هات کە بە هێرشێکی وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ سەر بنکە ناوکییەکانی ئێران کۆتاییهات. ئەو کۆتایی بە ئاگربڕێکی لەرزۆک هێنا کە بە نێوبژیوانیی بەرێوەبەرایەتی ترامپ هاتبوو ئاراوە، بەڵام هیچ رێککەوتنێکی بە نووسراوە بۆ چاودێریی مێکانیزمەکانی ڕێچکەیەکی سیاسی بۆ ئاشتییەکی بەردەوامی لێ نەکەوتبووەوە. تەنانەت کاتێک کە ئاگربڕەکەی ڕاگەیاند، نەتانیاهوو هەڕەشەی ناکۆکی نوێی کرد. ئەو گوتی، "ئێمە بەتەمای کەم کردنەوەی زەختەکان نین." نەتانیاهوو لە وتارەکەی حەوتووی ڕابردووی لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "ئێمە نابێ ئیزن بە ئێران بدەین تواناییە ناوکییە سەربازییەکانی دروست بکاتەوە. یەدەگی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران، ئەو یەدەگە دەبێ لەناو بچێت."

هاوبەشەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە کەنداوی فارس بەتایبەتی دۆخێکی ناسکیان هەیە. ناوچەکە پڕە لە پێگەی سەربازیی وڵاتە یەکگرتووەکان، لە ناویاندا لە بەحرەین، کووەیت، قەتەر، عەڕەبستانی سعودی و میرنشینەکانی یەکگرتووی عەڕەبی. دوای هێرشەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە مانگی جوون، ئێران بە هێرشی هاژەکی بۆ سەر بنکەیەکی وڵاتە یەکگرتووەکان لە قەتەر وەڵامی دایەوە.

لەو کاتیەوە، گرژییەکان هێور نەبوونەوە: هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر کاربەدەستانی حەماس لە دۆحە لە سەرەتای ئەو مانگەدا نیگەرانییەکانی کەنداوی لەمەڕ ویستی ئیسڕائیل بۆ هێرشی پێشووتر نەبینراو ، تەنانەت بە نرخی ناسەقامگیر کردنی پەیوەندییە ناوچەییەکان پەرە پێداوە و، بووەتە هۆی بردنە ژێر پرسیاری کاریگەریی چەتری ئەمنییەتی وڵاتە یەکگرتووەکان.

بە گوتەی ئەفشون ئۆستوار، پسپۆڕێکی ئێران و پرۆفیسۆری کاروباری ئاسایشی نەتەوەیی لە زانکۆی هێزی دەریایی لە کالیفۆرنیا، هۆکار بۆ گرژیی نوێ لەنێوان ئیسڕائیل و ئێران زۆرن بەڵام چاوەڕوانکرا نیە. ئیسڕائیل هەر ئێستا ژێرخانی سەربازیی و ناوکی ئێرانی وێران کردووە و ئێران مەیلی لە دروست کردنەوەی پێگە زەرەر پێگەیوەکانی پیتاندنی نیە، ئەو گوتی: دوای ئەوەی ئیسڕائیل پیشانی دا هەواڵگریی ئیسڕائیل چەندە نفووزی کردتووەتە نێو هێزە ئەمنییەتییەکانی ئێران، بە هێرشێ بۆ سەر قووڵایی خاکی ئێران، رێبەرانی ئەو وڵاتە دەبێ بزانن ئەو جۆرە هەنگاوانە بە مانای بانگهێشت کردن بۆ هێرشی نوێیە. بەڵام ئۆستوار گوتی لەوانەیە ئێران بیهەوێ سنوورەکان تاقی بکاتەوە.

ئەو گوتی، "بێتوو ئەو کارە بکات، ئەوسا دەزانی، لەوانەیە ئیسڕائیل هەست بکات ناچارە جارێکی دیکە بۆ ماوەیەک لە ئێران چیمەنەکە کورت بکاتەوە. دەزانی، هەرکات ئێران ئەو شتانە دروست بکات، ئەوان هێڕش دەکەنە سەریان و، ئەوە دیسان ئێران بۆ ماوەی شەش مانگ دەخاتە دواوە. لەوانەیە بکەونە نێو سوڕی گرژیی کەمچڕیی کە ماوەیەک درێژەی هەبێت."

بۆ ماوەی چەند ساڵ، ئیسڕائیل ئاماژەی بە هەنگاوە سەربازییەکانی جاروبار دژی حەماس وەک "کورت کردنەوەی چیمەنەکە" دەکرد، دەستەواژەیەک کە ڕەخنەگران دەیانگوت ڕەوایی دەدات بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بێ کۆتایی کە ئامانجی ستراتێژیکی نەبووە. و لە لوبنان، لە دوای ئاگربڕ لەگەڵ حیزبوڵڵا، ئیسڕائیل درێژەی بە هێرش کردن بۆ سەر باشووری ئەو وڵاتە داوە.

سەپاندنەوەی گەمارۆکانی مێکانیزمی ماشە لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکانەوە کە لە کۆتایی حەوتووی ڕابردوو دەستیان پێکرد گەمارۆی چەکی ئاسایی، قەدەغە کردنی پیتاندنی ئۆرانیۆم و سنووردار کردنی بەرنامەی هاژەکیی ئێران، هەروەها یاساغ کردنی سەفەر و سڕ کردنی داراییەکان دەگرنەوە. ئەو سنووردانانە دوای ڕێککەوتنی ناوکی نێوان تاران و بەڕێوەبەرایەتی ئۆباما و  چەند دەوڵەتی دیکە لە ٢٠١٥ سڕ کران. سەپاندنەوەیان یەکێک لە دوایین  پاشماوەکانی ڕێککەوتنەکە، کە سەرۆک کۆمار ترامپ لە کاتی یەکەم دەورەی سەرۆک کۆمارییەکەیدا لێی کشایەوە، لەناو دەبات.

کاربەدەستانی ئێرانی گوتوویانە کاریگەریی گەمارۆ نوێیەکانیان کەم دەبێت. سەرۆک کۆماری ئێران، مەسعود پزشکیان، حەوتووی ڕابردوو لە کۆبوونەوەی گشتیی ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بە هەوڵنێرانی گوت، "لەمەڕ دۆخی ئابووری، ڕاستییەکە ئەوەیە کە ماوەی ٤٥ ساڵە ئێمە لە ژێر گەمارۆیاندا بووین، بێتوو ئێمە ناکۆکییەکانمان چارەسەر بکەین، توانایی بەجێهێشتنی زۆرینەی قەیرانەکانی هەنووکەییمان هەیە."

پزشکیان گوتی ئێران بەردەوام خوازیاری دانوستانە بەڵام هۆشداریی دا کە پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووکان زەرەری پێ گەیشتووە. ئەو گوتی، "دیواری بێمتمانەیی لە نێوان ئێمە و ئەمریکاییەکان گەلێک ئەستوور و فرە برزە."

دوای سەپاندنەوەی گەمارۆکان، دراوی ئێران رێکوردێکی نوێی نزمیی تۆمار کرد و گەیشتە ١١٠هەزار تمەن بۆ هەر دوڵارێک و ئاستی هەڵاوسان هێندەی دیکە بەرز بووەوە. دوای گەڕانەوەی بۆ ئێران، پزشکیان گوتی، "ئێران ملکەچی زەخت نابێت."

لە ڕوانگەی کاربەدەستێکی پلەبەرزی دەوڵەتێکی عەڕەبییەوە، دۆخی لاوازی ئێران هۆکاری هۆشداریی بۆ خۆ بواردن لە ڕووبەڕوو بوونەوەی سەربازیی زیاترە. گەلێک لە خەڵکی ناوچە دەترسن هەنگاوی سەربازیی زیاتر دژی ئێران دەتوانێ ببێتە هۆی دەستپێکی شەپۆلێکی نوێی ناسەقامگیریی ناوچەیی، هاوشێوەی ئەوەی دوای هەرەسهێنانی ڕێژیمی سەددام حوسێن لە عێراق ڕوویدا.

ئەو کاربەدەستە عەڕەبە گوتی، "دیپلۆماسی دەبێ رێگەی چوون بەرەو پێشەوە بێت."  

 

سەرچاوە:

https://www.washingtonpost.com/world/2025/10/02/iran-strikes-sanctions-israel-gulf-nuclear-trump/