
بەپێی هەواڵێک کە خۆڕاگری بڵاوی کردووەتەوە، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری بۆکان و هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری مەریوان لە لایەن هیزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەند کراون.
ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری بۆکان، بە ناوی کامران سوڵتانی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەند کراوە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هاووڵاتییەکی خەڵکی ئاوایی نێی سەر بە شاری مەریوان، بە ناوی حەسەن مێهرابی، لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانەوە بەندکراوە، ئەم دوو هاووڵاتییە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بەندکراون و گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دوایی شەڕی دوازدە ڕۆژەی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی دەستی کردووە بە شەپۆلێک لە دەسبەسەر کردوون و بانکگردن و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و بە تۆمەتبارکردنیان بە سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل.
بەپێی ڕاپۆرتی خۆڕاگری، دەیان چالاکی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا بانگی ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراون و لێکۆڵینەوەیان لێ کراوە.