سەرەڕای دووبارە جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکان، قەڵای دێرینی "قەڵاقوورە" لە ناوچەی بیجاڕ بەهۆی بێباکی و بەڵێنی دووبارەی بەرپرسان هێشتا چاوەڕوانی نۆژەنکردنەوەیە.
پوویا تالبنیا، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی میراتی فەرهەنگی و گەشتیاری و پیشەدەستییەکانی پارێزگای سنە، لە سەردانێکی مەیدانیدا جەختی لە "پێویستیی نۆژەنکردنەوەی بنەڕەتی"ی ئەم قەڵا مێژووییە کردەوە، بەڵام وەک زۆرێک لە شوێنەوارە مێژووییەکانی دیکە، باس لە "پێویستی" هێشتا نەبووە بۆ "کردەوە".
ئەم قەڵایە کە بەشێک لە ناسنامەی کولتووری و مێژوویی کوردستانی لە خۆیدا هەڵگرتووە، ئەگەر نۆژەن بکرێتەوە، دەکرێت ببێتە یەکێک لە ناوەندە گەشتیارییەکانی بیجاڕ؛ بەڵام نەبوونی بوودجەی پێویست، نەبوونی بەرنامە و گرینگی پێنەدان لەلایەن بەڕێوەبەرە خۆجێیەکانەوە، وای کردووە ببێتە بینایەکی نیوە لەبیرکراو.
قەڵا قەڵاقوورە دەکەوێتە بەشی ناوەڕاستی بیجاڕ، ناوچەی سیلتان، نزیک گوندی چێشمە سەنگین و بە شوێنەوارێکی دێرین و شارستانیەتی ناوچەکە دادەنرێت؛ ئەم قەڵایە لە ساڵی ١٣٨٧ لە ئێران وەک شوێنەوارێکی مێژوویی تۆمار کراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێوشوێنێکی کاریگەر بۆ پاراستن و نۆژەنکردنەوەی نەگیراوەتەبەر.