لە دوای شەڕ و ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و هەڕەشەی دژبەیەکی ئەو دوو وڵاتە لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە، هەواڵدەریی، ماڵپەڕ و ڕۆژنامە جیهانییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەگەری شەڕێکی دیکەی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە ئارادایە.
ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکی نوێدا لە نووسینی ئێستیڤێن ئێرلێنجێر، سەرنووسەری باڵای کاروباری نێونەتەوەیی ئەو ڕۆژنامەیە و یەکێک لە بەڕابردووترین ڕاپۆرتنێرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، بە ئاماژەدان بە دۆخی بەرنامە ناوکییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دوای ڕێککەوتننامەی بەرجام و شەڕی ١٢ ڕۆژە هۆشداریی دا و نووسیویەتی: "ڕێژیمی ئێران لە بنبەستێکی مەترسیداردایە".
ئێستیڤێن ئێرلێنجێر لەو ڕاپۆرتەدا باسی لەوە کردووە کە "ئەو بنبەستەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نە دانوستانێکی تێدایە، نە چاوەدێرییەکی شوێندانەر بەسەر چالاکییە ناوکییەکانیەوە بوونی هەیە و نە ڕوونکارییەک لەبارەی ڕێژەی ڕاستەقینەی پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی ئەو ڕێژیمەوە هەیە".
ئەو سەرنووسەرە ئاماژەی بەوە داوە شرۆڤەکاران و کارناسان نیگەرانیی خۆیان لەبارەی ئەوەوە دەربڕیوە کە ئەو ڕووداوانە و ئەو بنبەستەی کۆماری ئیسلامی تێی کەوتووە دەرخەری ئەوەیە کە ڕێژیمی تاران بێجگە لە بژاردەی شەڕ و هێرشی سەربازیی چارەیەکی دیکەی نەماوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو ڕۆژنامە ئەمریکاییە، هەرچەند دۆناڵد ترامپ لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە و هێرشی سەربازیی بۆ سەر بنکە ناوکییەکانی ڕێژیم لە فۆردۆ و نەتەنز باسی لە لەنێوبردنی بەرنامەی پیتاندنی ناوکیی ڕێژیم کردبوو بەڵام لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا کارناسان و بەرپرسانی ناوچەکە بەنیسبەت ئەو ئیددیعایەی سەرۆککۆماری ئەمریکاوە گومانی جیددییان بۆ دروست بووە.
شایانی باسە ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ماڵپەڕی پیتاندنی ئۆرانیۆمی "کووهێ کۆلەنگـ"ـی ڕێژیم هەتا ئێستا ڕێگە بە چاوەدێرانی نێونەتەوەیی نەدراوە سەردانی بکرێت و ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی هیچ چاوەدێرییەکی بەسەر شوێنە هەستیارە ناوکییەکانی ڕێژیمی تارانەوە نییە.