شۆرای باڵای کاری ڕێژیم سەرەڕای کەمتەرخەمی بەنیسبەت کەمیی حەقدەستی کرێکاران و بەجێگەی قەرەبووکردنەوەی خەمساردییەکانیان لەبارەی حەقدەستی ئەو چینەی کۆمەڵگەوە، کاڵابەرگی پێشنیار کردووە و ئەوەش ناتوانێت توانای کڕین قەرەبوو بکاتەوە.
فەرشاد مۆئمێنی ئابووریناسی ڕێژیم بەنیسبەت هەڵاوسانی هەوسارپچڕاو و کەمیی حەقدەستی کرێکارانەوە هاتە دەنگ و وتوویەتی: "حەقدەستی دیاریکراوی کرێکاران لەلایەن شۆرای باڵای کارەوە، تەنیا بەشی یەک لەسەر سێی تێچووەکانی بنەماڵەی کرێکاران دەکات".
فەرشاد مۆئمێنی باسی لەوە کردووە کە حەشیمەتی ژێر هێڵی هەژاری لە ئێران تەنیا لە ساڵی ١٤٠٠ـەوە لە ١٠ میلیۆن کەسەوە گەیشتووەتە ٢٥ میلیۆن کەس.
ئەو ئابووریناسەی ڕێژیم ئاماژەی بەوە داوە چاوەڕوانی دەکرێت هەتا حەوتەمین مانگی ئەمساڵ نرخی هەڵاوسانی شتومەکی خۆراکی کە بەشێوەی فەرمی ٦٧ لەسەد ڕاگەیەندراوە و ڕیاڵیش هەروەها ڕۆژبەڕۆژ نرخەکەی زیاتر دادەبەزێت، شوێندانەریی ڕاستەوخۆی لەسەر حەقدەستی کرێکاران هەبێت و بەمەش هەژارەکان هەتا بێت هەژارتر و سفرەکانیان بچووکتر و خاڵیتر دەبێت.
هەروەها زانایانی ئابووری ڕایانگەیاندووە: "ئەمڕۆکە خەڵک بەهۆی هەژاریی بەردەوام لەژێر گوشارێکی زۆردان، چینی نێوەڕاستی کۆمەڵگە خەریکن دادەبەزن و نزیک دەبنەوە بۆ چینی لاوازی کۆمەڵگە، جیاوازیی چینایەتی لە وڵاتدا زیاتر بووەتەوە، نیگەرانییەکانی خەڵک بەنیسبەت دۆخی ئابووریی وڵات زۆرتر بووە و لەم نێوانەدا مەجلیس دەیهەوێت لە ڕێگای پێدانی یارانەوە ئەو دۆخە نەرمتر بکاتەوە، بەڵام هەر شێوازی پێدانی یارانەکانیش کێشەی زۆری تێدایە".