لە درێژەی ڕەوتی دەسبەسەرکردنی بەربڵاو و سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمەوە لە کوردستان، زیندانییەکی سیاسیی خەڵکی کرماشان بۆ جاری دووهەم دەسبەسەر کرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خەزەڵوەر، "حەمید فەرهادی"، هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان و بەندکراوی سیاسیی پێشووی دانیشتووی تاران، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەستبەسەر کرا.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم بەبێ فەرمانی دەسبەسەرکردن هەڵیانکوتایە سەر ماڵی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە کوردە و بەشێک لە کەلوپەلی شەخسیی ئەم هاووڵاتییە کوردەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەردا گرتووە و دەسبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستۆتەوە.
دەسبەسەرکردنی حەمید فەرهادی لەکاتێکدایە کە لە کۆتایی مانگی گەلاوێژدا و دوای تێپەڕاندنی سزای چوار مانگ لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرابوو.
ناوبراو پێشتر لە ڕێکەوتی ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠٣، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و پاشان بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم" بە ١٤ مانگ بەندکران و دانانی بارمتەی ٣٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرا. سەرەڕای هەڵپەسێردراوبوونی سزای بەندکردنەکەی، بەهۆی نەدانی سزا نەختییەکە ناچار بە تێپەراندنی سزای ٤ مانگ بەندکردن بوو.
هەروەها هەنگاو ئاماژەی بەوە دا کە لە ئێستادا هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ ناوبرا و چارەنووس و شوێنی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەردەستدا نییە.