کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خوێندکارانی زانکۆی ئەلزەهرا بە بڕینی دووباری ئاو

12:33 - 20 خەزەڵوەر 2725

دوابەدوای بەردەوامیی بڕین و جیرەبەندیی ئاو لە خەوتنگەکانی زانکۆی ئەلزەهرا، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ کۆمەڵێک خوێندکاری ئەم زانکۆیە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنامەی ئەمیرکەبیر، خوێندکارەکان دروشمی "چاوەڕوانی مافی خۆمانین، بۆ هیچ شوێنێک ناچین، لێرەین"یان وتەوە، داوای کردەوەی خێرا لە بەرپرسانی زانکۆ و لابردنی سنوورەکانی دەستپێڕاگەیشتن بە ئاو دەکەن.

بەپێی زانیارییەکان، ئاوی حەمامەکانی خەوتنگە تەنیا لە نێوان کاتژمێر ٨ بۆ ١٠ی شەو  بەردەستە و لە کاتەکانی تری ڕۆژدا دەبڕدرێت.

چەند خوێندکارێک ڕایانگەیاندووە، هەر جارێک ناڕەزایەتییەکان زیاتر دەبن، بەرپرسان بەڵێن دەدەن کێشەکە چارەسەر دەکەن و بە شێوەیەکی کاتی ئاو دەکەنەوە، بەڵام بۆ ڕۆژی دواتر کێشەکە دووبارە دەبێتەوە.

شەوی پێشتر وێنە بڵاوکراوەکانی خەوتنگەکانی زانکۆی ئەلزەهرا نیشانی دەدا کە خوێندکاران بۆ وەرگرتنی بوتڵی ئاوی کانزایی ڕیزیان بەستووە. دوای بڕینی ئاو، هەر خوێندکارێک پشکێکی سنوورداری ئاوی کانزایی پێ درا.

چالاکانی خوێندکاریی پێشتر سەبارەت بە نەبوونی پلانی فریاگوزاری و کەمتەرخەمیی بەرپرسان لە دابینکردنی ئاوی پێویست بۆ خوێندکاران هۆشدارییان دابوو.

قەیرانی ئاو کە لە زانکۆکانی تاران دەستی پێ کردووە، ئێستا نیگەرانییەکانی لەبارەی بڵاوبوونەوەی بۆ ناوەندەکانی تری خوێندنی باڵا دروست کردووە و هێندێک لە چاودێران پێیان وایە ڕەنگە ببێتە پریشکی شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتیی خوێندکاران.