عومان جارێکی دیکە ڕۆڵی خۆی وەک ناوبژیوانێک لە نێوان تاران و واشنگتۆن چالاک کردووە و داوای لە هەردوو لایەن کردووە بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان.
بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان لە کۆبوونەوەیەکی ئەمنییەتی لە مەنامە، جەختی لەوە کردەوە کە دیالۆگ تاکە ڕێگایە بۆ پێشگرتن لە تەشەنەسەندنی گرژییە ناوچەییەکان، هەروەها وڵاتانی کەنداویش دەبێ پشتیوانی لە وتووێژ لەگەڵ ئێران بکەن.
ناوبراو ئاشکرای کرد کە هێرشی ئیسرائیل پێش دەستپێکردنی خولی شەشەمی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا دانوستانەکانی پەک خست. پێشتر عومان میوانداریی پێنج خولی وتووێژی نێوان هەردوو وڵاتی کردبوو.
لە بەرامبەردا میدیاکانی ئێران لەوانە هەواڵدەریی تەسنیم، ئەو هەواڵانەیان ڕەت کردەوە کە باس لەوە دەکەن واشنگتۆن پەیامی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان ناردووە.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە سەرچاوە عەرەبییەکان باسیان لە خواستی دۆناڵد ترامپ بۆ ڕێککەوتنی نوێ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران کردووە. هاوکات ئەمریکا بە ناردنی کاربەدەستانی وەزارەتی خەزێنەداری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەوڵی چڕکردنەوەی گوشارە ئابوورییەکانی سەر کۆماری ئیسلامی دەدات.
وادێتە بەرچاو کەشی سیاسی لە نێوان دوو ڕێگای دژ بەیەکی دانوستان یان ڕووبەڕووبوونەوە لە بەرزی و نەزمیدایە. لەکاتێکدا عومان و قەتەر داکۆکی لە دیپلۆماسی دەکەن، تاران و واشنگتۆن هێشتا خەریکی حاشاکردن و گوشارهێنانن.