
ئاسۆ مینبەری
لە ڕۆژانی ڕابردوودا بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆ کلیپێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، جارێکی دیکە وەبیری هێناینەوە کە چەندە دەسەڵاتێکی ئیدئۆلۆژیک ئەتوانێ کاریگەریی لەسەر ڕووخاندنی کەسایەتیی تاکەکان و پاڵپێوەنانی تاکەکان و کۆمەڵگە بەرەو داڕمانی ئەخلاقی و فەرهەنگی هەبێت. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆ کلیپێک دەستاودەست دەکرێت کە خوێندنەوەی کۆمێنتەکان و هەروەها ناڕوونیی سەرچاوەی یەکەمی بڵاوکردنەوەکەی پرسیاری زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە و وای کردووە کە جارێکی دیکە چەقبەستوویی و هەوڵە سیستماتیکەکانی دەسەڵاتی ئاخوندی بۆ پەرەدان بە ئیدئۆلۆژیی دواکەتووی ویلایەتی فەقیهـ، ببنە ڕۆژەڤ و ڕای جیاوازی خەڵکی بەدوادا بێت.
لەم ڤیدیۆ کلیپەدا، ژمارەیەک کچ کە لەوانەیە تەمەنیان ٨ یان ٩ ساڵان بێت بە وتنەوەی سروودێک کە ناوەڕۆکەکەی هاندان بۆ هاوسەرگیرییە بەشدارن و لەولاشەوە کۆمەڵێک پیاوی بەتەمەن و چەند کوڕێکی لاوی تێدایە کە لانیکەم تەمەنیان یەک و نیو بەرابەری تەمەنی کچەکانە. کچەکان حیجابی تەواو ئیسلامییان هەیە و بە ڕوویەکی زۆر گەشاوە و بێ ئاگا لە بارێکی دەروونی کە ئەم ڤیدیۆیە لە سەر ژیان و داهاتوویان هەیەتی خەریکی تەبلێغکردن بۆ پرسی منداڵهاوسەرین!
لە هەندێک سەرچاوەی نافەرمیدا باس لەوە کراوە کە ئەم سروودە تایبەت بە جێژنی تەکلیفە کە لە وەزارەتی پەروەردەی ڕێژیمدا لە کاتی گەیشتنی کچان بە تەمەنی ٩ ساڵی بۆیان دەگیردرێ، جێژنێک کە ڕیشەی لە شەڕعی ئیسلامدایە و لەو تەمەنەوە بەپێی ئایینی ئیسلام کچ دەتوانێ هاوسەرگیری بکات چونکە گەیشتووەتە تەمەنی باڵغبوون. بەڵام هەندێ سەرچاوەی دیکەش باس لەوە دەکەن کە ئەمە پرۆژەیەک بۆ پەروەردەی ئیدئۆلۆژیکە کە لەژێر ناوی جۆراوجۆری وەک گرووپی منداڵانی ئێران لە ساڵی ٧٨ـەوە دامەزراوە و کاریشی بڵاوکردنەوەی ئەم سروودانەیە کە ڕێک ئەرکی پەروەردەی ئیدئۆلۆژیک لە چوارچێوەی باوەڕەکانی کۆماری ئیسلامییان لە ئەستۆیە.
لەم ڤیدیۆیەدا چەند خاڵ سەرنجڕاکێشن کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەکەم:
- لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا وتنەوەی سروود و نواندن لەلایەن کچانەوە بەگشتی بە شتێکی بڤە دەناسرێت و بیستنی دەنگیان لەلایەن نامەحرەمەوە بە کارێکی حەرام دادەنرێت، بەڵام لەم ڤیدیۆیە و ڤیدیۆی هاوشێوەدا چونکە ئامانج ڕاکێشانی سەرنجی منداڵان و پەرەدان بە ئیدئۆلۆژیی ڕێژیمە، ئەم بابەتە وەلا نراوە.
- جیاوازیی تەمەنیی کچان و کوڕانی بەشداربووی ڤیدیۆکلیپەکە سەرنجڕاکێشە! کچەکان لە تەمنێکدان کە هێشتا خۆیان نەناسیوە و لەم تەمەنەدا تەنیا ئەرکیان دەبێ خوێندن بێ. تەنانەت کوڕەکانیش تەمەنیان لەو ئاستەدا نییە کە بتوانن بارگرانیی ژیانێکی ئەمڕۆیی لە ئەستۆ بگرن.
- هەوڵەکە ئەوەیە کە کچان و کوڕان بۆ چوونە نێو پرۆسەی هاوسەرگیری هان بدرێن، بۆیە لە سروودەکەدا هاوسەرگیری وەک هیوا و هومێد ناو دەبەن، ئەمە لەکاتێکدایە کە ڕێژیم لە پەرەدان بە سیاسەتی جەوانی حەشیمەت شکستی خواردووە و خەڵک ڕاشکاوانە دژایەتیی سیاسەتی جەوانی حەشیمەتی ڕێژیم دەکەن.
- بابەتێکی دیکە پەرەدان بە هاوسەرگیریی منداڵانە، ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە لە جیهاندا بە کارێکی نەشیاو دەزانرێت و لەژێر ناوی منداڵهاوسەریدا دژایەتیی دەکرێت.
- بابەتەێکی دیکە کە گرینگە و دەبێ ئاماژەی پێ بکرێت گیرۆدەبوونی ئەو کچانە بە بیرۆکەی مەزهەبیی چەقبەستووی ڕێژیم و گوێڕایەڵبوونی بنەماڵەکانیانە کە پێیان وایە لە ڕێبازە دروستەکەی ژیاندان و هیچ ڕاستییەک نابینن.
ئەوەی کە لە ڤیدیۆیەدا دەردەکەوێ، گیرۆدەبوونی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە نەخۆشیی پێدۆفیلییە، ئەوان کچان تەنیا وەکوو کەرەستەیەک بۆ دامرکاندنی ئارەزوو و حەزی سێکسی دەبینن و لە فەرهەنگەکەشیاندا هەرچی تەمەنی ئەم کچانە بچووکتر بێ باشترە! بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و ژوورە فکرییەکانی ئەم ڕێژیمە تەنیا ئامانجیان ئامادەکردنی کچانی منداڵ بۆ چوونە نێو پرۆسەی هاوسەرگیرییە، پرۆسەیەکی قورس کە پێویستی بە فێرکاریی تایبەت و پەروەردەی دروست هەیە تاکوو لە دواڕۆژدا تاک تووشی ناهومێدی و شکست نەبێت، بەڵام بەرپرسانی ئەم ڕێژیمە بە پرسگەلێکی وەکوو مارەیی و نەفەقە و باقی بابەتەکانی دیکە، هەوڵیان ئەوەیە ڕاستیی بابەتە کە شکاندنی کەسایەتی و لەنێوبردنی باوەڕبەخۆبوون و متمانەی کۆمەڵایەتییە لەنێو کچاندا پەراوێز بخەن و لەم پێناوەشدا هەموو هەوڵێک دەدەن.
زەقکردنەوەی ئەم ڤیدیۆ کلیپە لەلایەن ڕێژیمەوە و لەم کاتەدا، بەرپەرچدانەوەیەکی ئەو ڤیدیۆیانەیە کە لە ماوەی ڕابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگیان دایەوە. ئەو ڤیدیۆیانەی کە تێیاندا بە شێوەی خۆڕسک مامۆستاکان قوتابخانەکانی کوردستانیان کردە مەکۆیەک بۆ پەرەوەردەی شۆڕشگێڕانە و لەسەر ئەم بابەتەش سزا دران.
لە ساڵانی ڕابردووشدا هەوڵی هاوچەشن بینراوە، وەک سروودی "سەلام فەرماندە" کە لە قوتابخانەکاندا و بە کەڵکوەرگرتن لە هەستی منداڵان و بەکارهێنانی مۆسیقا بۆ ڕاکێشانیان وترایەوە. سەرەڕای هەموو هەوڵەکان و بە سەرنجدان بە ڕووداوە جۆراوجۆرەکانی ئەم ساڵانەی دوایی، دەبینین کە دژایەتیکردن لەگەڵ بابەتی لەم چەشنە گەیشتووتە ئاستێکی بەرز و هەڵوێستگرتنی خەڵک بەنیسبەت ئەم بابەتە دەتوانێ هەوڵەکانی ڕێژیم بکاتە بڵقی سەر ئاو.
تێگەیشتنی خەڵک لە پێگەی ژنان و کچان بەتایبەت لە دوای دەسپێكی شۆڕشی ژینا، وای کردووە کە ئەم جۆرە هەوڵانە زۆر زیاتر لە جاران لەلایەن خەڵکەوە مەحکووم بکرێن. بەتایبەت کە لە ماوەی ڕابردووشدا بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆ زەماوەندی کچەکەی شەمخانی و ئازادیی جلوبەرگەکەی هێڵەکانی نێوان دەسەڵات و خەڵكی زیاتر زەق کردەوە، بۆیە ئەم هەوڵانە نەک تەنیا سەر ناگرن بەڵکوو بێزراویی ڕێژیم لای خەڵكیش زیاتر دەکەن.