دوو هاووڵاتیی لاوی خەڵکی شاری سەوڵاوای مەریوان دوای بانگکردنیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەو شارە دەسبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "چاونیووز"، ڕۆژی یەکشەممە ٨ی خەزەڵوەر، "لوقمان ساڵحی" و "عەلی حوسێنی"، خەڵکی گوندی "دێوەزناو" لە ناوچەی سەوڵاوای مەریوان، لەلایەن دەزگای ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.
چاونیووز ئاماژەی بەوە دا کە ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە پاش بانگکردنیان بۆ ئەم ناوەندە سەرکوتکەرەی ڕێژیم، لەلایەن هێزە بەناو ئەمنییەکانەوە بەند کراون.
هەروەها هەوڵی بەردەوامی بنەماڵەی ئەم دوو هاووڵاتییە بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر بارودۆخ و شوێنی بەندکردنیان تا ئێستا بێئاکام بووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرته هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری بەندکردن و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵیان و شوێنی دەسبەسەرکردن و چارەنووسی ئەم دوو هاووڵاتییه کوردە لەبەر دەستدا نییە .