نەعیم قاسم سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان جارێکی دیکە دژی چەکدانانی ئەو گرووپە وەستایەوە و وتی: ''حیزبوڵڵا هیچکات دەستبەرداری چەکەکانی نابێت.''
ناوبراو ئیدیعای کرد کە حیزبوڵڵا لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا بەرپرسیارەتی دەوڵەتی لە باشووری لوبنان لە ئەستۆ بووە و تەنیا دان بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە باشووری ڕووباری لیتانی دەنێت.
ئەمە لەکاتێکدایە کە نەواف سەلام سەرۆکوەزیرانی لوبنان جەختی لەوە کردووەتەوە کە چەک دەبێ تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت و بڕیارەکان سەبارەت بە شەڕ و ئاشتی تەنیا لە دەستی دامەزراوە فەرمییەکانی وڵاتدایە.
دژایەتیی حیزبوڵڵای لوبنان بۆ دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل و پشتبەستن بە سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران، جارێکی دیکە دووبەرەکی نێوخۆیی لوبنانی توندتر کردووەتەوە. بە وتەی شرۆڤەکاران ئەم هەڵوێستانە ڕێگری لە ئاوەدانکردنەوەی وڵات و جێگیرکردنی ئاشتی لەو وڵاتەدا دەکات.
لەحاڵێکدا دەوڵەت جەخت لەسەر سنووردارکردنی چەک و گەڕاندنەوەی دەسەڵات بۆ دامەزراوە نیشتمانییەکان دەکاتەوە، حیزبوڵڵا لە پێداگری لەسەر سیاسەتە نیزامی و ناوچەییەکانی بەردەوامە، سیاسەتێک کە زیاتر خزمەت بە بەرژەوەندیی تاران دەکات نەک لوبنان.