کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی قەیراناویی ئاو لە بەلووچستان گەیشتووەتە حاڵەتی سوور

11:25 - 21 خەزەڵوەر 2725

سەرەڕای وشکەساڵی و بەردەوامیی قەیرانی ئاو لە هەموو پارێزگاکانی ئێران، دۆخی سەرچاوە ئاوییەکانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان لەژێر سێبەری هەڵاواردن و پشتگوێخران لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیمەوە، کارەساتبارە و ئەو قەیرانە گەیشتووەتە حاڵەتی سوور.

ڕۆژی سێشەممە ٢٠ خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی، حوسێن زەفەری وتەبێژی ڕێکخراوی بەڕێوەبەریی قەیرانی ئاوی ڕێژیم، بەئاماژەدان بە پارێزگا ڕۆژهەڵاتییەکانی ئێران؛ سیستان و بەلووچستان، خۆراسانی باشوور، خۆراسانی ڕەزەوی و هۆرمۆزگانی وەکوو بێئاوترین پارێزگاکانی ئێران لە قەڵەم دا.

"زەفەری" پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕێژەی بارانبارینی ئەمساڵ بە بەراورد بە ٥٠ ساڵی ڕابردوو بێوێنە بووە و ئەو دۆخە کارەساتبارەی بۆ کەمیی باران بارین، کەڵکاژۆی ناستاندارد لە ئاوە ژێرزەوینییەکان و کەمیی پاشەکەوتی ئاوی بەنداوەکان گەڕاندووەتەوە و خۆی و ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیمی لە خولقاندنی ئەو قەیرانە بێبەری کرد.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم ئاماژەی بەوە دا کە پارێزگای سیستان و بەلووچستان پلەی یەکەمی قەیرانی ئاوی لە ئاستی ئێراندا هەیە و لە داهاتوویەکی نزیکدا سەرەڕای کێشەی ژینگەیی و کارەساتی سروشتی، کارەساتێکی مرۆیی گەورە لە ئارادایە.

کارناسانی بواری ئاو، قەیرانی ئاوی ئەو پارێزگایەیان بۆ گۆڕانە هەرێمییەکان، سیاسەتی نادروست و ناشارەزاییانە لەو بارەوە، پشتگوێخستنی پڕۆژە هەستیارەکانی ئاو لەو پارێزگایە و سیاسەتی هەڵاواردنی سیستماتیک دژی نەتەوەی بەلووچ گەڕاندووەتەوە.

سەرەڕای ستەمی نەتەوەیی، سیاسی و کۆمەڵایەتیی ڕێژیم دژی نەتەوە و کەمینە نەتەوەییەکانی نێو جۆغرافیای ئێران، ستەمی ژینگەییش یەکێک لەو ستەمانەیە کە بە درێژایی مێژووی ئەو ڕێژیمە دژی نەتەوە غەیرە فارسەکان ڕەچاو کراوە و ئاوی ناوچەکانی وەکوو کوردستانی بۆ پارێزگا ناوەندەییەکانی ئێران و شارە فارسنشینەکان ڕاگواستووە.