کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووداوەکانی هاتوچۆ گیانی ٢٥٦ کەسیان لە پارێزگای سنە ئەستاند

11:42 - 21 خەزەڵوەر 2725

لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا ٢٥٦ کەس لە پارێزگای سنە بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست داوە؛ ژمارەیەک کە هەرچەندە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو کەمێک کەمی کردووە، بەڵام هێشتا نیشانەی قەیرانی ئیمەنیی ڕێگاوبانەکانە.

بە وتەی بێهزاد غەزەنفەری پوور، بەڕێوەبەری پزیشکی دادوەریی پارێزگای سنە، ١٩٧ کەس لەو کەسانە لە ڕێگاکانی دەرەوەی شار و ٢٩ کەس لەنێو شارەکان و ٣٠ کەسیش لەسەر ڕێگای گوندەکان گیانیان لەدەست داوە.

 هەر لەو ماوەیەدا زیاتر لە چوار هەزار و ٦٠٠ کەس بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆ بریندار بوون کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو نزیکەی ٧ لەسەد زیادی کردووە. ئەم ژمارانە ئاماژەن بۆ بەردەوامیی پشتگوێخستنی ژێرخانی ڕێگاوبانەکان، چاودێریکردنی ناکارامە بەسەر بابەتە پێوەندیدارەکانی ڕووداوی هاتوچوۆ لەو پارێزگایەدا.

لەکاتێکدا بەرپرسان باس لە کەمبوونەوەی کەمیی قوربانییەکان دەکەن، زیادبوونی ژمارەی بریندارەکان ئەوە دەردەخات کە ڕێگاکانی کوردستان هێشتا ئەمنییەتییان نییە.

جێگەی ئاماژەیە نەبوونی کوالێتیی ڕێگاوبان و شاخاویبوونی ڕێگاکانی گواستنەوەی کوردستان و نزمیی کوالێتیی ماشینەکان، هۆکاری سەرەکیی ڕوودانی ڕووداوی هاتوچۆ لە جاددەکانی کوردستانە کە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی ساڵانەی هەزاران کەس.