کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەدواداچوونی ئەمریکا بۆ بەڕێوەچوونی گوشارە زۆرینەکانی سەر ئێران

09:47 - 11 خەزەڵوەر 2725

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، جان هێرلی، جێگری وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا بۆ کاروباری تێرۆریزم و زانیاریی دارایی، بۆ پێشخستنی کەمپەینی " گوشارە زۆرینەکان" دژی ڕێژیمی ئێران، سەفەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئورووپا دەکات.

هێرلی، بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە لە ئیسرائیل، ئیمارات، تورکیە و لوبنان کۆ ببێتەوە و لە بابەت هەماهەنگی بۆ پچڕاندنی دەستپێڕاگەیشتنی دارایی کۆماری ئیسلامی و گرووپە نیابەتییەکانی وتووێژ بکات.

ناوبراو وتی واشنگتۆن بەدوای وڵامێکی "بەردەوام و هەماهەنگ" بۆ هەڵسوکەوتە ناسەقامگیرکەرەکانی تارانە.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕایدەگەیەنێت، نوێنەرایەتیی ڕێژیمی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک وڵامی داواکارییەکی بۆ لێدوان نەداوەتەوە.

ڕێژیمی ئێران بە درێژەدان بە بەرنامە ناوکییەکەی و پاڵپشتیکردنی گرووپە میلیشیاکانی ناوچەکە، بە شێوەیەکی کاریگەر ڕێگای بۆ زیادکردنی گەمارۆکان و گۆشەگیریی خۆی خۆش کردووە.

کۆماری ئیسلامی لەجیاتی ئەوەی ڕێڕەوی خۆی بگۆڕێت و لەگەڵ جیهاندا پەیوەندیی سازەندە دروست بکات، لە پێداگری لەسەر ئاژاوەگێڕییەکانی لە ناوچە و دروشمی ئیدئۆلۆژیک بەردەوامە. ئەمەش لەجیاتی زیادکردنی هێزی ئەو ڕێژیمە، بووەتە هۆی بێمتمانەیی نێودەوڵەتی و پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی بەربڵاو بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تاران.