سێ هاووڵاتیی خەڵكی شاری پیرانشار هاوکات لەگەڵ شەپۆلی بەربڵاوی دەسبەسەرکرانەکان و دەرچوونی حوکمی بەندکران دژی هاووڵاتییانی کورد، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەیان ڕەوانەی بەندیخانە کران.
بەپێێ ڕاپۆرتی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەزەڵوەر، سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی گردەبنی پیرانشار بە ناوەکانی شوانە خزرنژاد، ئەحەد خزرنژاد و ئومید خزرنژاد بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەیان ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەنیی شاری نەغەدە کران.
ئەم سێ هاووڵاتییە پێشتر لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە مەهاباد بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم هەرکامیان بە سێ ساڵ بەندکران سزا درابوون.
شوانە و ئەحەد خزرنژاد لە ڕێکەوتی ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ و ئومید خزرنژادیش پێنج ڕۆژ دواتر و پاش بانگکران بۆ ئیتلاعاتی پیرانشار دەسبەسەر کران و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم ڕاگوێزران.
کوردپا ڕایگەیاندووە کە ئەم سێ هاووڵاتییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەیان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ڕاگوێزراون و لە ڕۆژی ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٣دا هەرکامیان بە بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کراون.