دوابەدوای جێبەجێکردنی گەڵاڵەی "دارویار" و نەمانی دراوی ٤ هەزار و ٢٠ تمەنی، نرخی دەرمان و کەرەستەی پزیشکی و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بە تێکڕا ٧٠ لەسەد بەرز بووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی "ڕویداد ٢٤"، گەڵاڵەی دارویار کە بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخەکان و دابینکردنی دەرمان بۆ نەخۆشەکان داڕێژرابوو، بە کردەوە زۆر لە ئامانجە سەرەکییەکەی دوور کەوتووەتەوە و قەیرانێکی نوێی لە سیستەمی تەندروستی ئێراندا پەرە پێ داوە.
لەم بەرزبوونەوەی نرخەدا، بە پێچەوانەی بەڵێنەکانی سەرەتای ڕێژیم، شیرکەتەکانی بیمە نەیانتوانیوە قەرەبووی ئەو بارگرانییە داراییە بکەنەوە و بارگرانیی سەرەکی کەوتووەتە سەر شانی نەخۆش و بنەماڵەکان.
ئەو ماڵپەڕە نووسیویەتی، بەرزبوونەوەی نرخی دراو، کەمبوونەوەی نەختینەیی شیرکەتەکانی هاوردەکارەکان، هەڵاوسانی گشتی و گەشەی تێچووی بەستەبەندی و وزە، بووەتە هۆی ئەوەی ناوەندە دەرمانییەکان نەتوانن بەردەوام پێداویستییەکانیان دابین بکەن و نەخۆشەکان ناچارن لە بازاڕی ئازاد دەرمان بکڕن.
لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە بازدانی نرخەکان دەرئەنجامی سێ هۆکاری سەرەکییە، ئەوانیش شکستی گەڵاڵەی دارویار لە پێدانی جیاوازی بەرزبوونەوەی نرخ لەلایەن شیرکەتانی بیمە، ناهاوسەنگی دارایی شیرکەتەکانی بیمە، هەروەها دابینکردنی کۆمەڵایەتی بە باجی جێگیر کە توانای داپۆشینی تێچوونەکانی نییە و چالاکییەکانی تۆڕە هەلپەرەستەکان و مافیاکانی دەرمان بە کۆکردنەوە و قۆرخکردنی هاوردە و دابەشکردنی نرخەکان بە شێوەیەکی دەستکرد بەرز دەهێڵنەوە."
هەروەها ڕۆژنامەی ''خوراسان'' لە ڕاپۆرتێکی هاوشێوەدا نووسیویەتی شیرکەتە تایبەتەکان، بە هەبوونی قۆرخکاری لە هاوردەکردن و دابەشکردنی دەرمان، بازاڕ بۆ بەرژەوەندیی خۆیان کۆنترۆڵ دەکەن و ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی نەخۆشە تایبەت و درێژخایەنەکان زۆرترین زیان لەو بێ سەروبەرییەدا ببینن و دەستپێڕاگەیشتن بە دەرمان بۆ توێژە کەمداهاتەکان بووەتە قەیرانێکی گەورە لە ئاستی ئێراندا.
لە ئەگەری بەردەوامی ڕەوتی ئێستا، سیستمی چاودێری تەندروستی لە چەند مانگی داهاتوودا ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵتر دەبێتەوە و کەمی دەرمان و داخستنی ناوەندە دەرمانییەکان و پەرەگرتنی بازاڕی ڕەش دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی بێباکی و نەبوونی چاودێری کاریگەرە.