ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، خولێکی فووتساڵ کە لەلایەن بەشی وەرزشیی ناوەندی پەروەردەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە ڕێک خرابوو، کۆتایی پێ هات و تیمە سەرکەوتووەکانی ئەم یارییە خەڵات کران.
تیمەکانی بەربەزین، ئێف سی ئازادی و ئێف سی پارێزەر، پلەکانی یەکەم تا سێهەمی ئەم یارییانەیان بۆ خۆیان مسۆگەر کرد.
لە ڕێوڕەسمی کۆتاییهاتنی ئەم خولەدا، باشترین یاریزان، باشترین گۆڵچی، باشترین یاریزانی تکنیکی، باشترین گۆڵکار و یاریزانی نموونەی ئەخلاق دیاری کران و خەڵاتیان پێ بەخشرا.
ئەم یارییانە لەلایەن بەشی وەرزشیی ناوەندی پەروەردەی حیزبەوە بە هاوکاری و هاواهەنگی یەکیەتی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی بەڕێوە چوون.
یارییەکان بە شێوەی گرووپی بەڕێوەچوون و لە قۆناغی یەکەمدا هەر تیمێک ٣ یاری ئەنجام دا و قۆناغی دووهەمی یارییەکان بەشێوەی تەک حەزفی بەڕێوە چوون و شێوەی ڕیزبەندی بەرکەوتەی تیمەکان لە ڕێگای تیر و پشکەوە دیاری کرا.
لە ڕێکەوتی ١٢ی خەزەڵوەردا، یارییەکان لە ڕێوڕەسمێکی کرانەوەدا دەستیان پێ کرد.
کێبڕکێیەکان هەشت ڕۆژیان خایاند و نزیک بە ١٥٠ یاریزان لە هەموو کەمپەکانی حیزب بەشدار بوون و لەو ماوەیەدا ٣٢ یاری بەڕێوە چوون.
لەو زنجیرە یارییانەدا ٢٢٣ گۆڵ تۆمار کران و ٥٥ کارتی زەرد و ٤ کارتی سوور لەلایەن داوەرانی یارییەکانەوە بە یاریزانانی خەتاکار درا.
بەشی وەرزشیی ناوەندی پەروردە ڕایگەیاندووە کە مەبەست لە بەڕێوەبردنی ئەو کێبڕکێیانە بەهێزکردن و بردنەسەری ئاستی ئامادەیی جەستەیی و بەرەوپێشبردنی ڕۆحیە و پتەوکردنی پێوەندیی هاوڕێیەتی و هاودەنگیی نێوان پێشمەرگە و ئەندامان و بنەماڵەکانی حیزب بوو. حیزبی دێموکرات هەمیشە گرینگی تایبەتی بە وەرزش و لەنێو هێزی پێشمەرگەدا داوە.