کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئیسلامی قاچاخی چەکوچۆڵی پەرە پێ داوە

16:07 - 21 خەزەڵوەر 2725

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی "واشینگتۆن فێری بیکێن"، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا هاوکات لەگەڵ جێبەجێکردنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس، هەوڵەکانی خۆی بۆ قاچاخکردنی چەکوچۆڵی پێشکەوتوو بۆ گرووپە چەکدارەکانی کەرانەی باختەریی بەشێوەیەکی بەرچاو پەرە پێ داوە.

ئەو ماڵپەڕە ئەمریکاییە ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، بە پشتبەستن بە سەرچاوەی زانیارییەکان و شرۆڤەی شرۆڤەکارە ناوچەییەکان نووسیویەتی: "ڕێژیمی ئێران ئامانجی لەو هەوڵانە ئەوەیە کەرانەی باختەری بکاتە سەکۆیەک بۆ هێرشە نوێیەکانی دژی ئیسرائیل".

ئەو ڕاپۆرتە زیادی کردووە کە گرووپی تێرۆریستیی جیهادی ئیسلامی سەر بە ڕێژیمی ئێران، ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئیسرائیل لە غەززەوە بۆ کەرانەی باختەری گواستووەتەوە".

بەپێی ئاماری ناوەندی بەرگری لە دێموکراسی، لانیکەم ٢٨ گرووپی چەکدار لە کرانەی باختەری چالاکن کە هەندێکیان لەم دواییانەدا چەکوچۆڵی وەکوو مووشەکی دژەتانک، دڕۆنی خۆتەقێن و تیرباری قورسیان لە ڕێگەی تۆڕەکانی سەر بە ڕێژیمی تارانەوە بەدەست گەیشتووە.

ڕاپۆرتی ڕێکخراوی ئەمنییەتی نێوخۆیی ئیسرائیل "شاباک" نیشان دەدات لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەرەوە، باری گەورەی چەکوچۆڵی قاچاخکراو لەوانەش دەیان مینی کلیمۆر، ڕاکێت، پەهباد و تیربار لە ئێرانەوە بەرەو کەرانەی باختەری بەڕێ کرابوون و دەستیان بەسەردا گیراوە.

کارناسانی سەربازی لەوانەش ئەمیر ئاویڤی، فەرماندەی باڵای ئەرتەشی ئیسرائیل پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕێژیمی ئێران لە دوای لاوازبوونی پێگەی لە غەززە و لوبنان، هەوڵ دەدات چەقی چالاکییەکانی لە کەرانەی باختەری چڕتر بکاتەوە هەتا وەکوو بەرەی جێگرەوە بەمەبەستی گوشاری زیاتر بۆ سەر ئیسرائیل و بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی لە قەیرانە نێوخۆییەکانی ئێران کەڵک وەربگرێت.