لە درێژەی ڕەوتی ناڕەزایەتیی کرێکارانی ئێران، کرێکارانی شیرکەتی ئەرکان سالسی پیشەسازیی نەوت لە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لەبەردەم بینای سەرۆککۆماریی ڕێژیم لە تاران، لەهەمبەر بەڵێنییە درۆ و ناڕاستەکانی دەوڵەتی مەسعوود پزشکییان لەمەڕ لابردنی پەیمانکاران و دەڵاڵەکان ناڕەزایەتییان دەربڕی.
ڕۆژی شەممە ١٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، کرێکارانی هەموو پارێزگاکانی خاوەن نەوت لە سەرانسەری ئێران، بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی و وەدیهاتنی داواکارییە پێشتگوێخراوەکانیان لەبەر بینای سەرۆککۆماریی ڕێژیم لە تاران کۆبوونەوەیەکی بەربڵاوی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و خوازیاری بەجێهێنانی بەڵێنی و دانی مافەکانیان بوون.
ئەو کرێکارانە لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا، ئاماژەیان بە بەڵێنییەکانی مەسعوود پزشکییان لەبارەی لابردنی شیرکەتە پەیمانکارییەکانی بەرهەمهێنانی وزە، گۆڕینی دۆخی پیشەیی و جێبەجێکردنی پێکهاتەی دانی حەقدەستی یەکسان لەگەڵ کارمەندانی بڕیارنامەی ماوە دیاریکراو کردووە.
هەروەها لەو کۆبوونەوەیەدا، کرێکاران دروشمگەلێکی وەکوو "ئیتر بەڵێنی درۆ بەسە، سفرەکانمان خاڵییە، تۆپ و تانک و فشفشە، پەیمانکار بسڕێتەوە"یان وتووەتەوە.
کرێکاران لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا باسی ئەوەیان کردووە کە بەڵێنییەکانی دەوڵەتی مەسعوود پزشکییان تەنیا لەسەر تێنووس و کاغەز ماوەتەوە و قەت ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەڕێوەبەرانی ئەو کۆبوونەوەیە پێداگرییان لەسەر ئەوە کردەوە کە لە ئەگەری جێبەجێنەکرانی داواکارییەکانیان هەتا کۆتایی مانگی خەزەڵوەر، کۆبوونەوەیەک بە بەشداریی ڕێژەیەکی چەند بەرانبەریی ئێستای ناڕازییان، لە مانگی سەرماوەزدا و بە شێوەی حەفتانە لە بەرانبەر بینای سەرۆککۆماریی ڕێژیم بەڕێوە دەبەن و هەتا وەدیهاتنی بەڵێنییەکانیانی دەوڵەتی چواردەهەم و گۆڕینی دۆخی کارەساتباری ژیانی کرێکاران لە گرتنی ئەو جۆرە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانە بەردەوام دەبن.