کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وشکبوونی تاڵاوی هەشیلان مەترسییەک بۆ ژینگەی کرماشان

11:28 - 22 خەزەڵوەر 2725

لە ئاکامی بەڕێوەبەریی ناکارامەی سەرچاوە ئاوییەکان، نەبوونی چاوەدێریی کارا و گرینگینەدانی بەردەوامی ناوەندە بەڕێوەبەرییەکانی ڕێژیم بە هوشدارییەکان، هەشیلان لە لێواری وشکبوونی تەواودایە و ناوچەکەی لەگەڵ خاک و خۆڵ بەرەوڕوو کردووەتەوە.

سەعید دێزفولی نژاد، بەرپرسی گشتیی ژینگەی پارێزگای کرماشان، بە پشتڕاستکردنەوەی دۆخی قەیراناویی هەشیلان ڕایگەیاندووە کە لە ئەگەری وشکبوونی تەواوی ئەم تاڵاوە، جۆری پێکهاتەی خۆڵەکەی و بەربڵاوی تاڵاوەکە، ئەگەری گۆڕینی ئەم ناوچەیە بە سەرچاوەی دروستبوونی خاک و خۆڵ زۆر لە سەرێیە.

ناوبراو کەمیی بارینەکان بە یەکێک لە هۆکارەکانی زۆریی وشکبوونەکە دەزانێت، بەم حاڵەشەوە ئاماژەی بە نەبوونی پلانێکی یەکگرتوو بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم قەیرانە نەکردووە.

دێزفولی نژاد هوشداری داوە کە وشکبوونی ئەم تاڵاوە دەتوانێت ببێت بە یەکەمین سەرچاوەی دروستبوونی خاک و خۆڵ لە کرماشان بۆیە دەبێت گرینگییەکی زۆر بەم بابەتە بدرێت.

سەرەڕای دانانی گرووپێک بۆ نۆژەنکردنەوەی تاڵاو و سەراوەکان و پێدانی وادە بۆ ئاراستەکردنی ئاوی چۆمی ڕازئاوەر بۆ تاڵاوی هەشیلان، ئەم هەوڵە قۆناغ بە قۆناغانە نەیانتوانیوە ڕەوتی وشکبوونی ئەم تاڵاوە ڕابگرن.

لەحاڵێکدا کە کاربەدەستانی ڕێژیم تەنیا لە چوارچێوەی دەرکردنی بەیاننامە و وادەدانی دووبارە قەتیس بووەتەوە، ئێکۆسیستمی هەشیلان لە حاڵی هەڵوەشانەوەدایە و ژیانی دەیان جۆرە باڵندە و گیانلەبەری ئاوی لەژێر مەترسیی جیددیدان.