کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی گرووپی حەوت لە کۆماری ئیسلامی بۆ وتووێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا

11:30 - 22 خەزەڵوەر 2725

لە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت لە کانادا، داوا لە کۆماری ئیسلامی کرا کە بچێتە نێو وتووێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا و هاوکاریی تەواو لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەست پێ بکاتەوە.

وڵاتانی ئەندام جەختیان لەوە کردەوە کە ئێران دەبێ بە بەڵێننامە ئەتۆمییەکان لە چوارچێوەی پەیمانی نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی چەک ئەتۆمی پێبەند بێت و پشکنینەکان قەبووڵ بکات. هەروەها داوایان له هەموو وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووه، سزای دووباره سەپێنراوی سەر تاران جێبەجێ بکەن.

گرووپی حەوت هاوکارییە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران و کۆرەی باکووری بۆ ڕووسیە مەحکووم کرد و وادەی دا کە تێچووی ئابووری بۆ مۆسکۆ و پشتیوانەکانی زیاد بکات. ئەوان پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ ئۆکراین ڕاگەیاند و جەختیان لەسەر پێویستیی ئاگربەستی دەستبەجێی نێوان ڕووسیە و ئۆکراین کردەوە.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا پشتگیرییان لە پلانی ئاشتیی دۆناڵد ترامپ کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی غەززە و دواوی چوونی بێ بەربەستی یارمەتییە مرۆییەکان کردووە.

لە بەشێکی تریشدا توندوتیژیەکانی سوودانیان مەحکووم کرد و داوایان لە لایەنەکانی ئەو گرژییە کرد ئاگربەستی دەستبەجێ دابمەزرێنن.

لە کۆتاییدا جەخت لەسەر پاراستنی ئاشتی لە گەرووی تایوان و داماڵینی چەکی ئەتۆمی کۆرەی باکوور و نیگەرانییەکان لە بڵاوبوونەوەی چەکەکانی چین کرا.

لە حاڵێکدا کە گرووپی حەوت چەندین جار داوای لە تاران کردووە کە پەیڕەوی لە وتووێژ و هاوکاری بکات، کۆماری ئیسلامی لە پێداگری لەسەر هەڵوێستی بەرەنگاربوونەوە و سیاسەتە پڕتێچووەکانی خۆی بەردەوامە.