ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەزەڵوەر ١٤٠٤ی هەتاوی، کۆڕێکی ناساندن بۆ کتێبی "مافی مرۆڤ و دادپەروەری لە وێژە و مێژووی کورد" نووسینی دوکتور شۆڕش تەوحیدی، لە هۆڵی مامۆستا قانع لە شاری مەریوان بۆ بەڕێزان دوکتور جوامێر عەبدوڵڵایی، دکتور بەیان عەزیزی، عادڵ محەممەدپوور و دوکتور ئەحمەد غوڵامی بەڕێوە چوو.
لەو کۆڕەدا دوکتور شۆڕش تەوحیدی ڕوونکردەوەی لەسەر شێوەی توێژینەوەی خۆی دا و وتی ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ کۆکردنەوەی چەمکە مافناسییەکان لە شیعر و ئەدەبیاتی کوردی، بە تایبەتی لە کارەکانی خانی، نالی، مەحوی، پیرەمێرد، شێرکۆ بێکەس و زەینەب خانمی کۆیە.
ناوبراو وتی: ''بە سەرنجدان بە دەقە مافناسی و مافخوازییەکانی گەلانی دیکە بۆم دەرکەوت، چەمکەکانی مافناسی و دێموکراسی، لە دووتوێی کتێبی شاعێرانەوە بەرەو بەستێنی کۆمەڵگە تەشەنەی سەندووە.''
دواتر بە تێروتەسەلی لە ناوەرۆکی بەرهەمەکەی خۆی دوا و بە هێنانەوەی سەرچاوە یاسایی و ئەدەبیی و مێژووییەکان لە ئەدەب و کلتووری کوردیدا، پێداگریی لە هەڵوێستی مافخوازانەی شاعیرانی کورد لەسەر داکۆکی بوێرانەیان بۆ چەسپاندنی مافە جیاجیاکانی مرۆڤی کورد کرد.
دواتر، بەڕێزان دوکتور جوامێر عەبدوڵڵایی، دکتور بەیان عەزیزی، عادڵ محەممەدپوور و دوکتور ئەحمەد غوڵامی تێبینی و ڕەخنەکانیان لەسەر کتێبەکە پێشکەش کرد.
لە کۆتایی کۆڕەکەدا، بە پێشکەشکردنی سپاسنامە و داوای سەرکەوتن، بەڕێوەبەران و بەشداربووان بە گەرمی ماڵاواییان لە نووسەر و بەڕێزانی میوان کرد.