کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاش ٨ ساڵ هێشتا ئاسەواری بوومەلەرزە بە کرماشانەوە دیارە

11:51 - 22 خەزەڵوەر 2725

لە دوای تێپەڕبوونی ٨ ساڵ لە بوومەلەرزەی کرماشان هەتا ئێستا نەک هەر خانووی خەڵکی ئاسایی نۆژەن و قەرەبوو نەکراونەتەوە بەڵکوو بینا ئیدارییەکانی ڕێژیمیش نۆژەن نەکراونەتەوە و پێویستیان بە ٢ هەزار ٣٠٠ میلیارد تمەن پارەیە.

عەلیڕەزا حەیدەری بەڕێوەبەری گشتیی قەیرانی پارێزگای کرماشان بەبۆنەی ساڵوەگەڕی بوومەلەرزەی ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی "ئیسنا"ی سەر بە ڕێژیم لە ئیددیعایەکی چەواشەکارانەدا وتوویەتی: "نۆژەنکردنەوەی خانووی خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی کرماشان سەداسەد قەرەبوو و نۆژەن کراونەتەوە".

ئەو ئیددیعایەی حەیدەری لەکاتێکدایە کە بەپێی زانیارییەکان نەک هەر خانووی خەڵکی ئاسایی تەنانەت شوێنە ئیدارییەکانی ڕێژیمیش نۆژەن نەکراونەتەوە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە لێدوانێکی چەواشەکارانەی دیکەدا باسی لەوە کردووە کە لە بوومەلەرزەی ٩٦دا خانووی خەڵکی ئاسایی زیانێکی وایان نەدیتبوو.

ئەو قسانەی حەیدەری لەکاتێکدایە کە دوای تێپەڕبوونی  ٨ ساڵ لەو کارەساتە سروشتییە، تەنیا کەمتر لە ٧٠ لەسەدی خانووەکان بە شێوەی ناتەواو نۆژەن کراونەتەوە و لەو بوارەوە بەرپرسان و ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم زۆر کەمتەرخەم و خەمسارد بوون.

بە گوێرەی زانیارییەکان، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە پارێزگای کرماشان ١٤٩ بینای ئیداریی زیاندیتوو هەتا ئێستا نۆژەن نەکراونەتەوە.

بەپێی لێدوانی عەلیڕەزا حەیدەری بەڕێوەبەری گشتیی قەیرانی پارێزگای کرماشان، بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو ١٤٩ بینا ئیدارییە، ٢ هەزار ٣٠٠ میلیارد تمەن پێویستە.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی کاتژمێر ١٠ی شەو بە کاتی کرماشان، بوومەلەرزەی ٧ ڕیشتەری لە ئەزگڵەی سەر بە سەرپێڵی‌زەهاو ڕووی دا کە گەورەیی و بەهێزیی ئەو بوومەلەرزەیە بە ڕادەیەک بوو کە لە چەندین وڵاتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش هەستی پێ کرا و بەو هۆیەوە زیاتر لە ١٠ هەزار کەس کوژران و بریندار بوون و هەتا ئێستا کێشەی ئەو خەڵکە دوای ٨ ساڵ بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە.

شایانی باسە ڕێژیمی ئیسلامی ئێران، بە کەڵکئاژۆ وەرگرتن لە کارەساتی بوومەلەرزە لە پارێزگای کرماشان، سیاسەتە فاشیستییەکانی بە دژی کورد بەرەو پێش دەبرد و خەڵکی ئەو ناوچانە ناچار بە کۆچی نابەدڵ دەکرد و تەنیا ئەوەی بە هانای خەڵکی کرماشانەوە چوو خەڵکی هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان بوو کە بە شێوەیەکی بەرچاو و خێرا بەهانای کرماشانەوە چوون و بۆ جارێکی دیکە یەکگرتوویی خەڵکی کوردستانی لە کاتی تەنگانەدا نیشانی جیهان دا.