لە ئێراندا قەیرانی بژێو و گرینگینەدانی ناوەندە ناکارامەکانی سەر بە ڕێژیم بە دۆخەکە، جارێکی دیکە بووە هۆکاری دروستبوونی کارەساتێکی نەخوازراو.
شاهۆ سەفەری کارمەندی ئاگرکوژێنەوەی شارەوانیی سنە، ڕۆژی چوارشەممە بۆ ناڕەزاییدەربڕین بە نەدانی مووچەکەی لە شوێنی کارەکەی خۆی سووتاندووە.
سەرچاوە خۆجێیەکان ڕایانگەیاندووە کە ناوبراو گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و دۆخی جەستەیی ناوبراو باش نییە.
بە وتەی هاوکارانی سەفەری، ناوبراو چەند مانگێک بەبێ وەرگرتنی مووچە کاری کردووە و چەند جارێک بە نیسبەت دۆخی سەختی بژێوی ژیانی خۆی ناڕەزایی دەربڕیوە بەڵام وڵامێکی نەدراوەتەوە.
لە کاردانەوە بەم ڕووداوە، بەختیار شافعی بەرپرسی ڕێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی سنە، هەوڵی داوە کە ئەم ڕووداوە بچووک نیشان بدات و وتوویەتی: ڕێژەی برینداربوونی ئەم کەسە کەم بووە و ئێستا لە نەخۆشخانەیە، بەڵام سەرچاوە خۆجێیەکان دەڵێن کە ئەم قسەیە ناڕاستە و دۆخی سەفەری خراپە.
زیادبوونی ڕێژەی خۆسووتانەکان و ناڕەزایی بە بژێوی ژیان لەم ساڵانەی دواییدا، نیشاندەری گوشاری زۆری ئابووری و ناڕەزایی بەربڵاو لەنێوان کرێکارانی دامەزراوە ناکارامە حکومییەکان و خزمەتگوزارییەکانی ڕێژیم بە ئەژمار دێت.