کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سزای نوێی ئەمریکا دژی ٣٢ کەسایەتی و ناوەندی پێوەندیدار بە ڕێژیمی ئێرانەوە

12:14 - 22 خەزەڵوەر 2725

لە درێژەی گوشارە لانیزۆرییەکانی ئەمریکا لە دژی ڕێژیمی ئێران، ٣٢ کەسایەتی و ناوەندی پێوەندیدار بە بەرنامە مووشەکی و پەهبادییەکانی ڕێژیم سزا دراون.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە درێژەی گەمارۆ نوێیەکانی دژی ڕێژیمی ئێران و گرتنەبەری گوشارە لانیزۆرییەکان، لە هەژماری "ئێکس"دا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: "تۆڕێکی بەربڵاو لە کەسایەتی و ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیمی تاران کە پێوەندییان بە بەرنامە ناوکی و مووشەکییەکانی ڕێژیمەوە بووە، سزا دراون".

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ئەو سزا نوێیانە، ٣٢ کەسایەتی و ناوەند کە لەمەڕ هەوڵە لۆجێستیکی، کڕین و فرۆشتنی پارچەی مووشەکە بالستیک و پەهبادەکانی ڕێژیمدا چالاک بوون، لەخۆ دەگرێت.

بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە تەواوی ماڵ و سامانی ئەو کەسایەتی و ناوەندانە لە ئەمریکا دەستیان بەسەردا گیراوە و شارۆمەندانی ئەمریکایی بۆیان نییە چیتر لەگەڵیان مامەڵە بکەن.

شایانی باسە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا باسی لەوە کردووە کە ئەو ٣٢ کەسایەتی و ناوەندە سزادراوانە چەندین بنکەیان لە ئێران، تورکیە، چین، هۆنگ کۆنگ، هێند، ئاڵمان و ئۆکراین هەبووە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەو وەزارەتەی ئەمریکا، تۆڕی ئێم ڤی ئێم و چەندین تۆڕی دیکەی سەر بە سپای پاسداران کە پارچەی مووشەکییان لە چین کڕیوە و بە ڕێکخراوی پیشەسازیی بەرگریی ڕێژیمی فرۆشتووەتەوە، لەنێو ئەو ناوەندە سزادراوانەدان.

ئەو سزا نوێیانە بەشێک لە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ سنووردارکردنی دەسپێڕاگەیشتنی ڕێژیمی تاران بە تێکنۆلۆژیی سەربازی و مووشەکی و ڕێگری لە پەرەسەندنی بەرنامەی مووشەکی و پەهبادییەکانی ئەو ڕێژیمەیە.