کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی ٤ لە سنە و دیواندەرە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە

12:21 - 22 خەزەڵوەر 2725

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان چوار هاونیشتمانیی خەڵکی شارەکانی سنە و دیواندەرە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، سێ هاونیشتمانیی خەڵکی شاری سنە بە ناوەکانی "فەرشید مەنسووری"، "فواد مورادی" و "بێهنام نووری" و هانیشتمانییەکی دیکەی خەڵکی دیواندەرە بە ناوی "کاوە عەبدی" لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە سنە دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنکی نادیار ڕاگوێزراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، فەرشید مەنسووری، تەمەن ٣٦ ساڵ، باوكی منداڵێكی بچووک و خەڵكی گەڕەكی عەباساوای سنە لە ماڵەكەی دەسبەسەر كراوە.

هەروەها، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەزەڵوەر، بێهنام نووری، خەڵكی ئاوایی "قوڵیان" سەر بە سنە و كاوە عەبدی، تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵكی دیواندەرە دەسبەسەر کراون.

هاوكات، هاووڵاتییەكی دیكەی خەڵكی سنە بە ناوی فواد مورادی كە خێزاندار و باوكی منداڵێكە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە ماڵەکەیدا دەسبەسەر كراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، بێهنام نووری، چایی فرۆش لە ماڵی خۆی و كاوە عەبدی، ئەندازیار لە كاتی گەڕانەوە لەسەر كارەكەی لە دێولان بۆ دیواندەرە، دەسبەسەر كراون.

تا كاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، لەسەر هۆكاری دەسبەسەركران و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاونیشتمانییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.