لە درێژەی هەوڵە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچە و جیهاندا، لەم ساڵی زایینیدا دەوڵەتی کانادا چەند هەوڵێکی تێرۆریستیی ڕێژیمی ئێرانی کە مەبەستی بەئامانجگرتنی جیابیران و دژبەرانی لەو وڵاتەدا بووە، پووچەڵ کردووەتەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی خەزەڵوەر، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ئەمنییەتیی کانادا ڕایگەیاند: "لە ساڵی ٢٠٢٥ی زایینیدا، چەندین پیلان و هەوڵی تێرۆریستیی بەرنامەداڕێژراوی کۆماری ئیسلامیی ئێران پووچەڵ کردووەتەوە کە ئامانجیان لەو هەوڵانە تێرۆری جیابیرانی و دژبەرانی ئەو ڕێژیمە بووە".
"دێن ڕاجیرز" بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ئەمنییەتیی کانادا لە لێدوانێکی ورددا ئاماژەی بەوە داوە کە ڕێژیمی ئێران لەو هەوڵانەدا کەسانێکی دەکردە ئامانج کە "لە ڕوانگەی تارانەوە بە دوژمن دێنە ئەژمار".
ئەو بەرپرسە ئەمنییتییەی کانادا باسی لەوە کردووە کە ئەو هەوڵانە ڕێژیمی ئێران لە ئاستێکی جێگای نیگەرانی دایە و ئێمە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ناچار بووینە زۆربەی وزە و ئەرکەکانی خۆمان بۆ بەرپەرچدانەوە و پووچەڵکردنەوەی هەوڵە تێرۆیستییەکانی ڕێژیمی تاران و دەستوپێوەندییەکانی تەرخان بکەین.
دێن ڕاجێرز بۆ یەکەمین جارە وەکوو باڵاترین بەرپرسی ئەمنییەتیی کانادا باس لە دەستێوەردان و ئەو جۆرە هەوڵانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتە کردووە و پاراستنی گیانی کەسایەتیی جیابیر و دژبەرانی ئەو ڕێژیمەی بە ئەرکی خۆیان و وڵاتەکەی لە قەڵەم داوە.
لە سەرەتای هاتنەسەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە هەتا ئێستا هەزاران کەس لە جیابیران و دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی سنوورەکان لەلایەن ئەو ڕێژیمەوە یان تێرۆر کراون یان هەوڵی تێرۆریان دراوە و لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە ٤٥٠ کادر و پێشمەرگەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و بەتایبەتی حیزبی دێموکرات تێرۆر کردووە و هەروەها دوو سکرتێری پێشووتری حیزبی دێموکرات، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و دوکتور سادق شەرەفکەندی لە ڤییەن و بێرلین تێرۆر کردووە.