دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بەئاماژەدان بە دەسکەوتەکانی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند: "ئێران دەیهەوێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا دانوستان بکات".
ڕۆژی هەینی ٢٣ی خەزەڵوەر، دۆناڵد ترامپ لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ئێرانیش هاوشێوەی وڵاتانی دیکە دەیهەوێت لەگەڵمان دانوستان بکات هەتا لەو ڕێگەیەوە بگەینە ڕێککەوتن".
سەرۆککۆماری ئەمریکا لەو کۆبوونەوەدا ئاماژەی بە توانا مووشەکی و فڕۆکە شەڕکەرەکانی وڵاتەکەی لە ڕەوتی هێرش بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیم کردووە و وتوویەتی: "لە ماوەی ٢٢ ساڵی ڕابردوودا دەوڵەتە پێشووەکانی ئەمریکا توانایی لەنێوبردنی بەرنامە ناوکییەکانی ڕێژیمی تارانیان بوو، بەڵام بوێری ئەوەیان نەبوو لەنێوی ببەن، من هەموو بنکەکانی ئەو ڕێژیمەم کردە ئامانج و ئێستە دۆخی ئەو ڕێژیمە و بەرنامە ناوکییەکەی زۆر جیاوازتر لە ڕابردووە".
هەروەها ترامپ پێشتریش لە چاوپێکەوتنی ڕۆژی پێنجشەممەی لەگەڵ ڕێبەرانی وڵاتانی ئاسیای نێوەڕاست لە وڵامی پرسیاری ئایا ئەگەری هەیە گەماۆکان لا ببات یان نا؟ وتبووی: "ئامادەم گوێ لەو داواکارییە تاران بگرم و ئەگەر لە چوارچێوەی داواکارییەکانمان بجوڵێنەوە سزاکان لادەبەین".
ئەو لێدوانەی دۆناڵد ترامپ لە کاتێکدایە کە کاربەدەستانی ڕێژیمی تاران هەر جۆرە دانوستانێکیان لەگەڵ ئەمریکا ڕەت کردووەتەوە.
هەروەها لە مانگی ڕابردوودا، عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، دانوستان لەگەڵ ئەمریکای "بێ قازانج و زیانبار" لە قەڵەم دا و هەر جۆرە وتووێژێکی لەگەڵ ئەو وڵاتەی ڕێگەپێنەدراو ڕاگەیاند.
خامنەیی لەو لێدوانەیدا باسی لەوە کردووە کە دانوستانی ناوکی گەیشتووەتە "بنبەستی تەواو" و پێداگریی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا لە قازانجی بەرژەوەندییەکانیان نییە.
هەر لەو پێوەندییەدا، عەباس عێراقچی وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیم ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خەزەڵوەر، لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەرییەکی کۆماری ئیسلامی باسی لەوە کردبوو کە هەتا ئێستا هیچ ڕێگەیەک بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بوونی نییە.