هیرش زەندی ناوگران، چالاکی مەدەنی و زیندانی سیاسی پێشووی خەڵکی سنە، ڕایگەیاند: ڕەوتی جێبەجێکردنی حوکمی شەش مانگ زیندانییەکەی دەستی پێکردووە و بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی بۆ زیندانی ناوەندیی سنە دەگوازرێتەوە.
ئەو هاووڵاتییە کوردە بە وەبیرهێنانەوەی یەکەم دەسبەسەرکرانی لە ساڵی ١٣٨٦، ئاماژەی بەوە کرد، لەو کاتەوە، چاودێریکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و مەینەتیەکان وای لێ کردووە، بەرەو چالاکییە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکان هەنگاو بنێت بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆی لە بوارەکانی وەک پێشگریی لە توندوتیژی و تووشبوون بە ماددە سڕکەرەکان بگێڕێت.
زەندی ناوگران ڕوونی کردەوە، ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی چالاکیی مەدەنی بە ئامانجی ڕزگارکردنی ژیانی کەسێک دەسبەسەرکراوە و ئێستا دەبێت حوکمە نوێیەکەی تێپەرێنێت.
لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە وەک باوک و باپیری لە خاکی کوردستاندا دەمێنێتەوە و "لە زیندانێکی گەورەترەوە بۆ زیندانێکی بچووکتر" دەگوازرێتەوە، هیوای تەندروستی بۆ گەل و کۆمەڵگاکەی خواست.
ئەم چالاکە مەدەنییە ڕێکەوتی ١ی ڕێبەندان ساڵی ١٤٠٣ لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر و دوای چەند ڕۆژێک بۆ زیندانی ناوەندیی سنە ڕاگوێزرا. ڕۆژی ٣٠ی ڕێبەندان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا، هێرش زەندی تەمەنی ٤٠ ساڵە و خێزاندارە و باوکی منداڵێکە.
ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەزەڵوەر، لە کاتی خۆناساندنی بە بەندیخانە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی، کۆمەڵێک چالاکی مەدەنی خەڵکی سنە بە ڕێزلێنانەوە بەڕێیان کرد.